سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە یاریدەدەرەکانی کردووە، خۆیان بۆ درێژکردنەوەی "گەمارۆ"ی دەریایی ئامادە بکەن.
ئاوێنە: ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یاریدەدەرەکانی ڕاسپاردووە، خۆیان بۆ گەمارۆی درێژخایەن بۆ سەر ئێران ئامادە بکەن.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییانەی کە بڵاوکراوەکە ئاماژەی پێکردووە، لەکۆبوونەوەکانی ئەم دواییەدا، ترامپ بڕیاری لەسەر ئەوە داوە درێژە بدات بە فشارخستنە سەر ئابووری ئێران و هەناردەکردنی نەوت، بەمەش ڕێگری لە گواستنەوەی کەشتیوانی بۆ بەندەرەکانی ئەو وڵاتە و هاتنەوەیان دەکات.
بڕیارەکە ئەوە پیشان دەدات کە ئەمریکا ڕەنگە بچێتە قۆناغێکی درێژخایەنو دۆخی نە شەڕو نە ئاشتی ماوەیەکی زۆر بخایەنێت.
ئەمریکا ڕێگری لەو کەشتیانە دەکات کە بەرەو بەندەرەکانی ئێران یان لە بەندەرەکانی ئێرانەوە دێنەوە، هەوڵدەدات وڵاتەکە لە داهاتی نەوت بێبەش بکات، هاوکات ئێرانیش ڕێگری لە تێپەڕبوون بەگەرووەکەدا دەکات.
پێشتریش ڕۆژی سێشەممە، ترەمپ ڕایگەیاند، ئێران داوای لە ئەمریکا کردووە گەمارۆی دەریایی خۆی بۆ سەر گەرووەکە هەڵبگرێت، لەکاتێکدا هەردوولا بەردەوامن لە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دوو مانگە، کە دابینکردنی وزەی جیهانی پەکخستووە.