تەسنیم بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ لە زاهیدانی ئێران هێرشێکی چەکداری بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیسی شارەکە ئەنجام دراوە، بەو هۆیەوە ئەفسەرێکی پۆلیس کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، دەربارەی هێرشێکی چەکداری لە زاهیدانی ئێران بەم جۆرە زانیاریی بڵاوکردەوە: لە هەواڵەکەدا هاتووە، کاتژمێرێک لەمەوبەر لە زاهیدانی ئێران هێرشێکی چەکداری بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیسی شارەکە ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە ئەفسەرێکی پۆلیس بەناوی “محەمەد ڕەزا نەزامدووست” کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە بەردەوامە و دواتر زانیاریی زیاتر دەخرێتەڕوو.
جێی ئاماژەیە، زاهیدان ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلووچستانە لە ئێران، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و نزیکە لە سنوورەکانی پاکستان و ئەفغانستان.