میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە هێرشێکی درۆنیی حزبوڵای لوبنان بۆ سەر ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل (ڕۆژئاوای جەلیل)، ١٢ سەربازی سوپای ئیسرائیل بریندار بوون.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکی و سەربازییە سەرەتاییەکان، باری تەندروستی زۆربەی بریندارەکان جێگیرە و ١٠ کەسیان تەنها برینی سووکیان هەیە، لە کاتێکدا دوو سەربازی دیکە بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە لەژێر چاودێری چڕدان.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە گرژییە سنوورییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا بەردەوامن وسوپای ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوە کردووە کە سیستەمە بەرگرییەکانیان هەوڵی بەرپەرچدانەوەی چەندین درۆنی تریان داوە لە هەمان ناوچەدا، لە بەرامبەردا، حزبوڵا ڕایگەیاندووە کە ئەو هێرشانە وەک وەڵامێکە بۆ پێشێلکارییەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە دا.