بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، موجتەبا خامنەیی، کە وەک ڕێبەری ئێران دەستنیشان کراوە، پەیامێکی نووسراوی ئاڕاستەی ڕای گشتی کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی توانیویەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەنانەی بە "دوژمنانی پێشکەوتن" ناوی بردن، بەشێک لە هێز و تواناکانی خۆی بە هەموو جیهان نیشان بدات.
ئاوێنە: لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ڕێبەری ئێران تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئێستای وڵاتەکەی و جەختی لەوە کردەوە کە قۆناغی ئێستا زیاتر لە هەمیشە پێویستی بە بەهێزکردنی چەمکی "جیهادی ئابووری" هەیە. ناوبراو لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "دەبێت لەم چوارچێوەیەدا هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ ئەوەی دوژمن نائومێد بکرێت و شکست بە هەوڵەکانیان بهێندرێت".
هەروەها موجتەبا خامنەیی باسی لە ڕۆڵی گەلی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە ئامادەیی بەردەوامی خەڵک لە مەیدانە جیاوازەکاندا، گەورەترین نیشانەی ئەوەیە کە گەل بەردەوامە لە نیشاندانی پشتگیریی و دڵسۆزیی خۆی بۆ هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە.
لە کۆتایی پەیامە نووسراوەکەیدا، ڕێبەری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو خۆڕاگرییەی خەڵک لە بەرانبەر ئاڵەنگارییەکاندا نیشانی دەدەن، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر پێداگریی تاران بۆ پەرەپێدانی توانا ناوخۆییەکان، ئەمەش بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو فشارە دەرەکییانەی کە دەخرێنە سەر وڵاتەکە.
بڵاوبوونەوەی ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە موجتەبا خامنەیی لە دوای وەرگرتنی پۆستی ڕێبەریی نوێی ئێران، تا ئێستا بە هیچ شێوەیەک لە میدیاکان دەرنەکەوتووە و تەنها پەیامی نووسراوی هەبووە. ئەم گۆشەگیرییە دەنگۆیەکی زۆری لای سەرچاوە هەواڵییەکان دروست کردووە؛ بەشێک لەو سەرچاوانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو لە هێرشەکاندا بریندار بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لەژێر چاودێرییەکی وردی پزیشکیدا دەهێڵرێتەوە.