رێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو رایگهیاند، سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و یەعقوب کەریم پور، هاوڵاتیی تورک و پەیڕەوی ئایینی یارسان، کە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەیان بەسەردا سهپێندرابو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەشێوەیەکی نهێنی جێبەجێ کرا.
ئاوێنه: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو له راگهیهندراوێكدا وتی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ناسر بەکرزادە، تەمەن 26 ساڵ و یەعقوب کەریم پور لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە دران.
ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێران، جێبەجێکردنی سزای ئەم دو بەندکراوەی بە ڕەسمی پشتڕاست کردوەتەوە.
وهك ههنگاو ئاماژهی پێداوه ئەم دو بەندکراوە ڕۆژی پێنجشەممە 30ی نیسان، لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا و بە پاساوی وەک "ناردن بۆ پزیشکی داد" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی جێبەجێکردنی سزاکان" بۆ ژوری تاکەکەسی گوازرابونەوە.
رێكخراوهكه ئاماژهی بهوهداوه ناسر بەکرزادە، سزاکەی لە ڕەوتێکی خێرادا و تەنیا لە ماوەی 10 ڕۆژدا لەلایەن لقی 39 دیوانی باڵای وڵاتەوە بۆ جاری سێیەم پهسهندكرابو و لە ڕێکەوتی 25ی نیسان بە ڕەسمی پێی ڕاگەیەندرابو. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا لە دەستبەسەرگەی "ئەلمەهدی" لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ.
ئهوهشی خستۆتهڕو، یەعقووب کەریم پور، دەرچوی بەشی یاسا، خەڵکی میاندواو، هاوڵاتیی تورک و پەیڕەوی ئایینی یارسان، لە کاتی شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەستبەسەر کرابو. ناوبراو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابو و مانگی ڕابردو لە لقی 9ی دیوانی باڵا سزاکەی پهسهندكرابو. ناوەندە ئەمنییەکان بۆ گوشارخستنە سەر ناوبراو، هاوسهرهكهیشیان بە ناوی "سەبورا لوتفی" دەستبەسەر کردبو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رایگهیاندوه، سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە و یەعقوب کەریم پور لەکاتێکدا جێبەجێکراوە کە دۆسیەکانیان پڕ بوە لە ناڕونیی یاسایی و دانپێدانانەکانیان لەژێر ئەشکەنجەدا وەرگیرابو.
هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قوڵی خۆی بەرامبەر بە دۆخی میحراب عەبدوڵازادە کە هاوکات لەگەڵ ئەم دو بەندکراوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە، جەختی كردۆتهوه کە دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردانەوەی جیدی بەرامبەر بە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە ئێران نیشان بدات.
رێكخراوهكه وتوشیهتی، بەردەوامیی ئەم لەسێدارەدانانە لە کەشوهەوای گرژییە ناوچەییەکاندا، نیشاندەری بەکارهێنانی ئامرازییانەی کۆماری ئیسلامییە لە سزای مەرگ بۆ دروست کردنی کەشی ترس و تۆقینەر لهنێو هاوڵاتیاندا.