به‌رپرسێكی باڵای ئێرانی به ئاژانسی رۆیته‌رزی وتوه، پێشنیاره نوێیه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی كه تاوه‌كو ئێستا له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكاوه ره‌تكراوه‌توه، كردنه‌وه‌ی گه‌روی هورمز و كۆتاییهێنان به گه‌مارۆ ده‌ریاییه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌خۆده‌گرێت، به‌رله‌وه‌ی ده‌ستبكرێت به دانوستان له‌باره‌ی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێرانه‌وه.
ئاوێنه: به‌رپرسێكی باڵای ئێرانی، ئه‌مڕۆ شه‌ممه، به ئاژانسی رۆیته‌رزی وتوه، پێشنیاره نوێیه‌كه‌ی تاران، كه دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا تا ئێستا ڕه‌تیكردۆته‌وه، كردنه‌وه‌ی گه‌روی هورمز به‌ڕوی هاتوچۆی كه‌شتیوانیدا و كۆتاییهێنان به گه‌مارۆی ده‌ریایی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئێران، له‌خۆده‌گرێت، له‌گه‌ڵ دواخستنی دانوستانه‌ه‌كان سه‌باره‌ت به به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران بۆ قۆناغێكی دواتر.
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی ئێران كه نه‌یویستوه ناوی ئاشكرا بكرێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه، تاران پێیوایه پێشنیاره نوێیه‌كه‌ی بۆ دواخستنی دانوستانه ئه‌تۆمییه‌كان گۆڕانكارییه‌كی گرنگه و ئامانج لێی ئاسانكردنی گه‌یشتنه به ڕێككه‌وتن.
وه‌ك رۆیته‌زر ئاماژه‌ی پێداوه، به‌گوێره‌ی پێشنیاره‌كه، جه‌نگ به‌و مه‌رجه كۆتایی دێت كه گرنتی بدرێت ئیسرائیل و ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان جارێكی تر هێرش نه‌كه‌نه سه‌ر ئێران، له به‌رامبه‌ردا ئێران گه‌روی هورمز ده‌كاته‌وه و ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانیش گه‌مارۆكانی لاده‌بات.
رۆیته‌رز هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، دواتر دانوستان ده‌كرێت سه‌باره‌ت به سه‌پاندنی سنوربه‌ندی به‌سه‌ر به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران له به‌رامبه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزاكانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته، له‌گه‌ڵ داوای ئێران له ئه‌مریكا كه دان به مافی تاران‌دا بنێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مه‌به‌ستی ئاشتییانه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئێران ڕازی بێت به ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم به‌شێوه‌یه‌كی كاتییش.
به‌رپرسه ئێرانییه‌كه وتویه‌تی "به‌گوێره‌ی ئه‌م چوارچێوه‌یه، دانوستانه‌كان له‌سه‌ر ئاڵۆزترین كێشه كه پرسی ئه‌تۆمییه، بۆ قۆناغی كۆتایی دواده‌خرێن تاوه‌كو كه‌شێكی گونجاوتر بێته ئاراوه".
دوێنێ میدیای ره‌سمی ئێران، بڵاویكرده‌وه، كۆماری ئیسلامی ئێران، ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردو، ده‌قی نوێترین پڕۆژه پێشنیاری خۆی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا راده‌ستی پاكستان كردوه وه‌كو نێوه‌ندگیر.
میدیای ره‌سمی ئێران ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه پێشنیاره‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كرد. به‌ڵام ئیسماعیل به‌قایی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا وتی، كۆتاییهێنان به جه‌نگ و ئاشتییه‌كی هه‌میشه‌یی، ئه‌وله‌ویه‌تی تارانه له دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا.
دۆناڵد تره‌مپ له‌باره‌ی پێشنیاره نوێیه‌كه‌ی ئێرانه‌وه وتی، "رازی نیم به پێشنیاره‌كه" به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری پێشنیاره‌كه باس بكات.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا وتی، ئێرانییه‌كان داوای چه‌ند شتێك ده‌كه‌ن كه ناتوانم ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر بده‌م.
چوار هه‌فته به‌سه‌ر ڕاگرتنی هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام هێشتا هیچ ڕێككه‌وتنێك بۆ كۆتاییهێنان به‌و جه‌نگه نه‌هاتوه‌ته ئاراوه كه گه‌وره‌ترین په‌ككه‌وتنی دروست كردوه له دابینكردنی وزه‌ی جیهانیدا.