خاتەمولئەنبیا: ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا هەیە
  2026-05-02       151       

یاریدەدەرێکی پشکنین لەقەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند، بەڵگەکان دەریدەخەن ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نییە و ئەگەری پێکدادانی دووبارە لەنێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە. 

 

ئاوێنە: محەمەد جەعفەر ئەسەدی، یاریدەدەری پشکنین لە قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند "لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی زیاتر لایەنی میدیایی هەیە و بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی بازاڕی نەوت و بەڕێوەبردنی بارودۆخی ئێستا، بەمەش بەڵگەکان دەریدەخەن ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نییە و ئەگەری پێکدادانی دووبارە لەنێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە".

وتیشی "لە ڕوانگەی سەربازییەوە، ئەمریکا چ بچێتە ناو شەڕەوە و چ نەچێت، لە بارودۆخێکی ئاڵۆزدایە و پێگەی پێشووی خۆی لەدەستداوە".

ئەو یاریدەدەرە ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە سەربازییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کردەوەیەکی ئەگەری و چاوەڕواننەکراو و وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک ئامادەن.

لێدوانەکەی ئەسەدی لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە پێشنیارە نوێیەکەی ئێران بۆ ڕێککەوتن ڕازی نییە. چونکە ئێران بۆ بەشداریکردن لەخولی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی تارانی کردووە. ئەویش دوای ئەوەی خولی یەکەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە پاکستان بێ ئەنجام کۆتایی هات.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×