بەهۆی گەمارۆی دەریایی دژ بە ئێران فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کەلە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا ڕێڕەوی ٤٨ کەشتییان گۆڕیوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکی کورتدا رایگەیاندووە "لەچوارچێوەی گەمارۆی دەریایی دژ بە ئێران، لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا ڕێڕەوی ٤٨ کەشتیمان گۆڕیوە".
سێنتکۆم رونیشیکردووەتەوە، ئەم جمووجوڵانە بەشێکن لە جێگیرکردنی سەربازیی لە ناوچەکە، بەمەبەستی چاودێریکردنی هاتوچۆی دەریایی و سنووردارکردنی چالاکییەکانی ئێران لە بەندەرەکاندا.
هەروەها لە بەیاننامەکەیدا ئەو ناوەندەیە وێنەیەکی کەشتیی (یو ئێس ئێس نیو ئۆرلینز)، پشتڕاست کردەوە، کە بەردەوامە لە گەشتەکانی لە دەریای عەرەبی، لەچوارچێوەی ئەو گەمارۆیەی ئەمریکا بۆسەر بەندەرەکانی ئێران سەپاندووە.
ئەوەیش لە کاتێکدایە، بەرپرسانی ئێران پێشنیاریان بۆ ترەمپ کردبوو، لەبەرامبەر دواخستنی دانوستانی ئەتۆمی و لابردنی گەمارۆ دەریاییەکان، ئامادەیە گەرووی هورمز بکاتەوە، بەڵام ترەمپ ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە.