ئاژانسی هەواڵی «فارس» بەرەبەیانی یەکشەممە ڕایگەیاند کە تاران وەڵامێکی دەستکاریکراو و چاککراوی بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا پێشکەش کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم وەڵامە، «نەخشەڕێگایەکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ»، نەک تەنها ڕاگرتنی کاتیی شەڕ.
ئاوێنە: لەم نێوەندەدا، ئاژانسی هەواڵی «تەسنیم» بڵاویکردەوە کە ئەم پلانە لە ڕێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە و لە وەڵامی پێشنیارە ٩ خاڵییەکەی ئەمریکادا ڕادەست کراوە.
بە گوتەی ئەم سەرچاوە میدیاییەی ئێران، لە کاتێکدا پلانی واشنتۆن داوای ئاگربەستێکی دوو مانگە دەکات، تاران جەخت لەسەر خشتەیەکی کاتیی ٣٠ ڕۆژە دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسە سەرەکییەکان و پێداگری دەکات کە دەبێت گفتوگۆکان تەرخان بکرێن بۆ «کۆتاییهێنان بە جەنگ»، نەک ئاگربەستێکی کاتی.
لە نێو داواکارییەکانی ئێران لەم پێشنیارەدا؛ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی نزیک سنوورەکانی، پێدانی گەرەنتی بۆ دەستدرێژی نەکردن، هەروەها هەنگاوی ئابووری وەک هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، کەمکردنەوەی سزاکان و پێدانی قەرەبوو هاتووە.
هەروەها ئەم پێشنیارە داوای کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە چەندین بەرەی جیاواز لەوانە لوبنان و دروستکردنی میکانیزمێکی نوێی حوکمڕانی بۆ گەرووی هورمز دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی تەسنیم، ئێستا ئێران چاوەڕێی وەڵامی فەرمی بەرپرسانی ئەمریکایە.
لە هەمان چوارچێوەدا، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە تاران لە ڕێگەی پاکستانەوە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئاگربەستی هەمیشەیی پێشکەش بە ئەمریکا کردووە و ئێستا چاوەڕێی وەڵامی واشنتۆنە.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە زمان کازم غەریب ئابادییەوە بڵاویکردەوە: «ئێران ڕەشنووسی ڕێککەوتنی کۆتاییهێنانی هەمیشەیی جەنگی لە ڕێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە پێشکەش کردووە و ئێستا تۆپەکە لە یاریگای ئەمریکادایە. هەڵبژاردن لە نێوان دیپلۆماسی و بەردەوامبوونی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ واشنتۆنە.»
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە تاران «بۆ هەموو سیناریۆیە ئەگەرییەکان ئامادەیە و هێشتا متمانەی بە لایەنی ئەمریکی نییە».
هەروەها ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کۆتاییهێنان بە ململانێ و چەسپاندنی ئاشتی وەک «کارە لەپێشینە بنەڕەتییەکان» بۆ تاران وەسف کرد.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی هەواڵی «ڕۆیتەرز»ی ڕاگەیاندووە، ئەو پێشنیارەی کە تا ئێستا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە ڕەتکراوەتەوە، کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێران لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا گفتوگۆکان دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بۆ کاتێکی دیکە دوادەخرێن.
ئەم بەرپرسە ئەوەشی زیاد کردووە کە تاران پێی وایە پێشنیارە نوێیەکە، کە دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەخۆدەگرێت، گۆڕانکارییەکی گرنگە کە دەتوانێت گەیشتن بە ڕێککەوتن ئاسانتر بکات.
بەپێی ئەم پێشنیارە، جەنگ دوای پێدانی گەرەنتی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەوەی کە جارێکی دیکە هێرش نەکەنەوە کۆتایی دێت، پاشان ئێران هاتوچۆ لە گەرووەکەدا دەستپێدەکاتەوە و ئەمریکاش گەمارۆکانی لادەبات.
بڕیار وایە دانوستانەکان دەربارەی سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان بەڕێوەبچێت؛ ئێران داوا لە واشنتۆن دەکات مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە بە فەرمی بناسێنێت، تەنانەت ئەگەر لەسەر ڕاگرتنەکەشی ڕازی بێت.
ئەم بەرپرسە وتی: «بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، گفتوگۆکان لەسەر ئاڵۆزترین پرس، کە پرسی ئەتۆمییە، بۆ قۆناغی کۆتایی دوادەخرێن تاوەکو کەشێکی گونجاوتر بێتە ئاراوە.»
لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین میدیا ڕاپۆرتیان دابوو کە تاران پێشنیاری کردنەوەی گەرووی هورمزی پێش چارەسەرکردنی پرسە ئەتۆمییەکان خستووەتە ڕوو. ئەم بەرپرسە پشتڕاستی کردەوە کە ئەم خشتە کاتییە نوێیە لە پێشنیارێکی فەرمیدا کە لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بۆ ئەمریکا نێردراوە، ئاماژەی پێکراوە.
لەم بەرامبەرەدا، ترەمپ چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە ڕێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات و ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە لە دوایین پێشنیاری ئێران ڕازی نییە. هەروەها وتی کە «لە ڕووی مرۆییەوە» ئارەزووی کردەی سەربازی دژی ئێران ناکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل چوار هەفتە لەمەوبەر هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران ڕاگرت، بەڵام وا دەردەکەوێت هێشتا دوور بن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.