سەرۆک ترەمپ ڕۆژی شەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئەگەری هەیە فەرمانی دەسپێکردنەوەی کردەی سەربازی دژی ئێران بدات ئەگەر ئەو وڵاتە "بە خراپی ڕەفتار بکات".
ئاوێنە: لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران سەرقاڵی ئاڵوگۆڕکردنی ڕەشنووسی چوارچێوەی ڕێککەوتنێکن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ترەمپ بە جدی بیر لە فەرمانی هێرشی سەربازی نوێ دەکاتەوە بۆ سەر ئێران بە مەبەستی شکاندنی ئەو چەقبەستووییەی ئێستا هەیە.
ئەوەشی خستەڕو: "ئەگەر ئەوان سەرپێچی بکەن، ئەگەر شتێکی خراپ بکەن — بەڵام ئێستا، دەبینین چی دەبێت. ئەگەرێکی کراوەیە و بێگومان دەشێت ڕووبدات،" ئەمە وتەی ترەمپ بوو کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا فەرمانی هێرشی نوێ دەدات یاخود نا.
ڕۆژی پێنجشەممە ئێران پێشنیازێکی نوێی ١٤ خاڵی بۆ چوارچێوەی ڕێککەوتنێک پێشکەشی ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد، بەپێی وتەی دوو سەرچاوە کە ئاگاداری ناوەڕۆکی پێشنیازەکەن، وادەی یەک مانگ دیاریکراوە بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێک بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و بە شێوەیەکی هەمیشەیی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئێران و لوبنان.
بەپێی پێشنیازەکەی ئێران، تەنها دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە، مانگێکی دیکە بۆ دانوستانەکان تەرخان دەکرێت بۆ هەوڵدان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ترەمپ لەلایەن فەرماندەی سێنتکۆم (CENTCOM)، ئەدمیراڵ براد کووپەر، لەبارەی پلانە نوێیەکان بۆ هێرشی سەربازی دژی ئێران زانیاری پێدرا. دواتر کووپەر بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوت و ڕۆژی شەممە لە دەریای عەرەب لەگەڵ سەربازانی سەر کەشتی جەنگی (USS Tripoli) کۆبووەوە.
هەرچەندە ترەمپ ڕۆژی هەینی وتی کە لە پێشنیازەکەی ئێران ڕازی نییە، بەڵام ڕۆژی شەممە پێش ئەوەی پاڵم بیچ بەرەو میامی جێبهێڵێت، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە لە ناو فڕۆکەکەدا پێداچوونەوە بۆ دەقەکە دەکات.
وتیشی: "سەیری دەکەم و دواتر ئاگادارتان دەکەمەوە... ئەوان باسی چەمکی ڕێککەوتنەکەیان بۆ کردووم، ئێستاش دەقە وردەکەم پێدەدەن."
ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (Truth Social) نووسیویەتی: "ناتوانم وێنای بکەم کە جێگەی قبوڵکردن بێت" و جەختی کردەوە کە ئێران "هێشتا باجێکی گەورەی نەداوە بەرامبەر ئەوەی لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر مرۆڤایەتی و جیهان کردوویەتی."