دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە پانتایی بڕیاردان لای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرتەسک بووەتەوە، ئەمەش لە سایەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو لا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و ڕەوتی دانوستانەکان.
ئاوێنە: دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران لە تویتێکدا لەسەر پلاتفۆرمی (ئێکس) ڕوونی کردەوە کە "پێویستە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە نێوان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی مەحاڵ و ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا یەکێکیان هەڵبژێرێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کەمیی بژاردەکانی بەردەم واشنتن.
هەروەها ڕەزا ئەميري، باڵیۆزی ئێران لە پاکستان، ڕایگەیاند کە تاران بە شەفافییەتەوە مامەڵە لەگەڵ هەڵوێست و داواکارییەکانیدا دەکات، و ئاماژەی بەوەش کرد کە بابەتەکە پەیوەستە بە ئەمریکاوە، ئەگەر ئەمریکا "بە ڕاستگۆیانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان و کردنەوەی ڕێڕەوی دانوستانەکان دەدات، ئەوا دەبێت ڕەفتاری خۆی بگۆڕێت".
ئەميري لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی (ئیرنا) زیاتر گوتی، کە پاکستان هێشتا وەک نێوەندگیر ماوەتەوە، و ڕوونی کردەوە کە ئێران هیچ بڕیارێکی بۆ گۆڕینی لایەنی نێوەندگیر نەداوە، و وەک ئەو دەڵێت پێدەچێت لایەنی ئەمریکیش هەمان هەڵوێستی هەبێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویان کردەوە کە تاران لە ڕێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی ١٤ خاڵیی پێشکەش بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ پێشنیازە ٩ خاڵییەکەی ئەمریکا، کە نەخشەڕێگایەکی بەرجەستە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەخۆ دەگرێت.
ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێشنیازەکە پێش ناردنی، لە ناو میکانیزمەکانی بڕیاردان لە ئێراندا پێداچوونەوەی بۆ کراوە و ڕەزامەندیی پێویستی بەدەست هێناوە.
لەلای خۆیەوە، ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی باسی لەوە کرد کە پێشنیازی دوایی ئەمریکا سەبارەت بە هێورکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ ئێران، داوایەکی بۆ ئاگربەست بۆ ماوەی دوو مانگ لەخۆگرتبوو، لە کاتێکدا وەڵامی ئێران جەختی لەسەر کۆتاییهێنانێکی گشتگیر و یەکجاریی شەڕەکە کردووەتەوە، لەبری ئەوەی تەنها بە درێژکردنەوەی کاتیی ئاگربەستەکان قایل ببێت.