2026-05-03   200     
بەرگی کتێبی "شازادەی حەمام"
هاوڕێ جەمال
نووسەری ئێرانی محەمەد حسێن پاپولی یەزد، کە دکتۆرای لە زانکۆی سۆربۆنی فەرەنسا لە بواری جوگرافیای مرۆیی بەدەستھێناوە، یادەوەرییەکانی لە پێنج بەرگدا بەناونیشانی (شازادەی حەمام) خستۆتە بەردیدی خوێنەران، و بەخۆشحاڵی و دەستخۆشیەوە، لەلایەن بەڕێز (تەھا سێکانیان)ی لە زمانی فارسیەوە وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی.
لەکۆی ئەو بەرگانەدا، چەند خاڵێکی ھاوبەش ھەن کەدەکرێ بیانکەینە سیمای دیاری نووسینەوەی یادەوەریەکانی، لەوانەش: وردی و بەکارخستنی سەلیقە لەھەڵبژاردنی رووداوەکان، وەسفکردنی کەسایەتیەکان بەباش و خراپیانەوە وەک ئەوەی خۆیان ھەبوون، کەمتر نووسەر بۆچوونی خۆی لەسەریان دەربڕیوە، نەبوونی دەمارگیری نەتەوەیی و مەزھەبی، لەو کاتانەدا کە دێتە سەر باسی ئەو کەسایەتی و نەتەوانەی، سەر بەھەمان ئایین و مەزھەب و نەتەوەی نووسەر نین، کە ئەمەش زیاتر نووسینەکانی لەلای خوێنەرێکی غەیرە فارس و غەیرە شیعە خۆشەویستکردووە.
پاپولی، بەو ھەموو سەلیقەو کونجکۆڵیەی خۆیەوە، لە نووسین و گێڕانەوەی حیکایەتەکان، باوەڕناکەم لە ھەڵبژاردنی کەسایەتیەکاندا کە بوونە پاڵەوانی یاداشتەکانی، ھەروا ھەڕەمەکیانە ھەڵیبژاردبن، و چیرۆکی ژیانیانی کردبنە بەشێک لە یادەوەریەکانی خۆی.
پاڵەوانەکانی بەرگی چوارەمی شازادەی حەمام زیاتر لە رەگەزی مێینەن و بەمەش وا ئەزانم پاپولی ویستبێتی سەنگ و پێگەی ژن لە یاداشتەکانیدا جێ بکاتەوە، کە دەکرێ لەچەند تەوەرێکدا کورتیان بکەینەوە.
*ژن و کاری رێکخراوەیی
رێکخراوەکانی ژنان وەک گروپێکی فشار لەسەر دەسەڵات و کۆمەڵگا، رۆڵێکی باشیان بینیوە لەھۆشیار کردنەوە، و ھاوکاریکردنی کۆمەڵگە، پرسیارەکە ئەوەیە تۆ بڵێی رێکخراوێکی لەمجۆرە لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو لەشاری یەزد ھەبووبێ ؟
باس باسی خراپی رەوشی ژیان و گوزەرانی خانەی مانەوەی منداڵانی بێ سەرپەرشت و بێ نەوایانە لە شاری یەزد، بەڵام ئەوەتا ژنێک بەناوی خانم ئەقدەسی بەقایی کە سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی شاری یەزدە، سەرپەرشتی کاری نۆژەنکردنەوەو پاککردنەوەی خانەکە دەکا، و جل و بەرگ و پێداویستی بۆ منداڵانی خانەکە دابیندەکا. ئەم کەلوپەل و پێداویستیانە لەلایەن خێرخوازێکەوە رادەستی خانمی بەقایی کراوون وەک دەستێکی ئەمین، کە بێگومان لەو سەردەمەدا کەمنەبوون ئەو مەلاو حاجیانەی کە دەکرا ئەم رۆڵە ببینن، بەڵام دیارە دەستی ئەمانەت پارێزی خانمی بەقایی زۆر لەو مامۆستاو مەلاو حاجیانە درێژتربووە ھەر بۆیە خێرخوازی بەڕێز بێ سێ و دوو خانمی بەقایی رادەسپێرێ بۆ ئەو کارە.ل٣٧،٣٦،٣٥
*فیمینیزم و بۆچوونەکانی شەھربانوو
فێمینیزم چ وەک رەوتێکی ژنانە چ وەک قوتابخانەیەکی فکری و سۆسیۆلۆژی بۆ شیکردنەوەو باسکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و بونیەوییەکانی ژنان، بەجیاوازی تێڕوانین و رەھەندەکانی لایەنگرانیانەوە دواجار دەکرێ لەسەر ئەوە کۆکبن، کە فێمێنیستەکان مەبەستیانە، لەرێگەی ئازاد کردن و پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە کۆمەڵگادا، ژنانیش ھاوشانی پیاوان رۆڵی کاریگەریان ھەبێ لە بونیاتنانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی.
کەسایەتی شەھر بانوو کە لە کۆتاییەکانی تەمنیایەتی، بەو بۆچوون و وەسفانەی پاپولی لە یاداشتەکانیدا بۆماندەگێڕێتەوە، ئەتوانین بڵێیین ھەم عارفێکی سەردەمی خۆی بووەو لەھەمانکاتیشدا فێمێنیستێکی ئەم رۆژگارەش بووە.
شەھربانوو لەبارەی خواو مرۆڤ و جیھانەوە پێی وابووە، خودا خۆی زانیویەتی ئەم جیھانەو گۆی زەوییە ھێمن و بێ کێشەیە، ھەر خۆشی بیری کردەوە کە پێویستە بوونەوەرێک دروست بکات تاکو تاوان بکا و سەرکێشی بکا(دیارە لێرەدا مەبەستی مرۆڤە).ل٤٧
سەبارەت بەمافی ژنان و رۆڵیان لە کایەکانی کۆمەڵگادا، شەھربانوو زۆر پێداگری کردووە لەسەر چوونی کچان بۆ خوێندن، دیارە لەو دەمەدا پیاوەکان رێگەیان لە کچ و خوشکەکانیان دەگرت بچنە بەرخوێندن، بەپاساوی ئایینی و کلتوری، بەڵام شەھربانوو ھەمیشە وتوویەتی بۆ ئێمەی ژن قسەی پیاوان قبوڵ بکەین.ل٤٦
شەھر بانوو لەگەڵ ئەوەشدا لە کاتی خۆیدا (لەتەمەنی ٢٥ تاکو ٦٥ ساڵی) مەلا بووەو حوجرەی ھەبووە نزیکەی چل ساڵ وانەی بەمنداڵانی خەڵکی ناوچەکە وتۆتەوە، و چەندین مەلاو مامۆستا لەژێر دەستی ئەودا پەروەردەبوون، بەڵام لەسەر بۆ چوونەکانی خەڵکی بەکافریان داناوە، بەتایبەتی کە جگە لەمنداڵانی موسوڵمان، منداڵانی یەھودی، و زەردەشتیش ھەر لای ئەو وانەیان پێوتراوەتەوە.
ھەر لەبەر ئەوە مەلاکان پێیان وتووە شەھر بانوو کافرەو لەوە بەدوا ھیچ کەسێک منداڵەکەی بۆ لای ئەو نەناردووەو ناچار بووە حوجرەکەی دابخا.ل٧٣
شەھر بانوو لەو باوەڕەدا بووە، تاوەکو ژنان نەچنە قوتابخانە، نەخوێنن و نەڕۆن بۆ بازاڕ، وڵات پێش ناکەوێت.ل٤٩
ئەم تێڕوانینانە رەنگە تا ئاستێک بۆ ئەمڕۆ نامۆ نەبن بەتێگەیشتنی گشتی کۆمەڵ، بەڵام بۆ رۆژگارێک لە کۆتایی دەیەی پەنجاکانی سەدەی رابردوو، سەردەمانێک کە چارەسەری نەخۆشی کەچەڵی بە قیرو پارچە بووزوویەک کراوە!، کارەبا و ھۆکانی راگەیاندن بوونیان نەبووە، خۆشۆردن و خۆپاککردنەوە بەئاوی دوش حەرامبووە!، سەردەمانێک کە ژن و کچان وەک ئامرازی خزمەتکردن و دروستکردنی منداڵ لێیان روانراوە، بەراورد بەتێڕوانینە گشتیەکەی کۆمەڵگا بۆ پێگەی ژن، بیرێکی نوێ و تەنانەت نامۆش بووە.
*ژن وەک فیگەری کۆڵنەدان
گەر کەسایەتی شەھربانوو ئاماژەی ژنە عارف و لەھەمانکاتدا فێمێنیستێکی دیاربێ ئەوا دەکرێ بڵێیین، (میھری) نەوەی شەھربانوو وەک ژنێکی کۆڵنەدەرو سەرکەوتوو بەسەر ئاستەنگەکانی ژیان، دەست و جێ پەنجەی بەسەر یادەوەریەکانی پاپولیەوە دیارە.
میھری کە کچی خەلیفە محەمەد عەلی کوڕی شەھربانووە، نموونەی ژنێکی ئارامگرو لەھەمانکاتدا بوێرو یاخی کلتوری سەردەمی خۆیبووە.
ئەو نەک گوێ ناداتە رێگری و بەربەستە کلتوری و ئایینیەکان، بەڵکو ھەندێک نەریتی گشتی تایبەت بە کچ و ژنانی ئەو رۆژگارەش پشتگوێ ئەخا، یەکەم کچی گەڕەک بووە کە چارشێوی نەپۆشیوە.ل٥٦
ئەو بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە رووبەڕووی قسەوقسەڵۆکی خەڵکی، لەبارەی دووگیان نەبوونی لە مێردەکەیی و رۆیشتنی بۆ شارێکی تر بۆ خوێندن لەکاتێکدا مێردەکەی لەلایەن رژێمی ئەوکاتی ئێران دەستگیرکراوە، دەبێتەوە.
میھری لەنموونەی ئەو ژنانە بووە کە ھەوڵیداوە، لە رێگەی خوێندنەوە بیرو ھۆشیاری کەسانی نزیکی خۆی زیاتر رۆشنکاتەوە، ھەر لە خوشکەکانیەوە بیگرە تا دەگاتە مێردەکەی (ئاغا رەزای پاسەوان)، کە چۆن ھاوکاریکرد لە پاسەوانیەوە دووبارە دەسبەخوێندن بکاتەوەو بڕوانامەی زانکۆ لە بواری ماف دا بەدەستبێنێ.
بەسەرھات و ئەو گێرمەو کێشانەی میھری لەژیانیدا رووبەڕوویانبۆتەوە، تابلۆیەکی درامی تراژیدی وا دروستەکا کە کەم ژن ھەیە بتوانێ رۆڵی سەرەکی ھاوشێوەی میھری تیا بگێڕێ، ئاخر بۆ خوێندن، بۆ ھاوسەرگیری، تەنانەت پۆشینی جل و بەرگ و شوێنی نیشتەجێبوون لەلایەن نزیکترین کەسەوە کە دایکە رێگری بکریێی سەرباری کۆمەڵگاش، زۆر قورسە ھەنگاو بنێی و بەربەستەکان ببڕی.لاپەڕەکانی١٤٤،٨٠،٣٩
ناڵێم نموونەی ھاوشێوەی میھری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نین، بەڵام ئەتوانم بڵێم کەمن، ژنان و کچانی ئێمە ئەوەندەی بەربەستە کۆمەڵایەتی و کلتوری و ئایینیەکان دەکەنە ھۆکارو پاساوی وەستان و مانەوەیان لە دۆخێکی چەقبەستوودا ئەوەندە تاقەتی خۆماندوو کردنیان نیە بۆ جماندنی ئیرادەیان بەسەر رێگرییەکاندا.
پاپولی لەم یادەوەریانەدا، زۆر بواروو گۆشەی تری ژیانی مرۆڤەکانی لەفۆڕمی گێڕانەوەیەکی رۆمان ئاسادا بۆ خوێنەرانی خستۆتە روو، ئێمە لێرەدا بەگرنگمان زانی گۆشەیەکی ئەو یادەوەریانە بەخوێنەران ئاشنا بکەین، کە ئەویش ڕەھەندو پێگەی ژنانە لەناو ئەو یادەوەریانەدا.