بارەگای سەربازیی "خاتەمولئەنبیا" لە ئێران ڕایگەیاند، هێزەکانی ئێران سەرپەرشتی ئاسایشی گەرووی هورمز دەکەن، جەختیشی کردەوە کە هەر تێپەڕبوونێک بەنێو گەرووەکەدا "دەبێت لەژێر هەر بارودۆخێکدا بێت بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوان ئەنجام بدرێت". لەم نێوەندەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چوونە بواری جێبەجێکردنی پڕۆسەی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ یاوەریکردنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزەوە لە بەیانی ئەمڕۆوە ڕاگەیاند.
ئاوێنە: بارەگاکە لە بەیاننامەیەکدا کە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی کردەوە، جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ تێپەڕبوونێک لە هورمزەوە بێ هەماهەنگی نابێت"، و هۆشداریشی دا کە هەر هێزێکی بیانی، بەتایبەت سوپای ئەمریکا، ئەگەر لە گەرووەکە نزیک ببنەوە، ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "هەر کارێکی دوژمنکارانە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەبێتە هۆی تێکدانی دۆخی ئێستا و ئاسایشی کەشتییەکان دەخاتە مەترسییەوە".
بەیاننامەکە داوای لە کەشتییە بازرگانییەکان و تانکەرە نەوتهەڵگرەکان کرد کە "بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان" لە تێپەڕبوون بێ هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئێران دوور بکەونەوە، و جەختی کردەوە کە ئێران "ئاسایشی گەرووی هورمز دەپارێزێت و بە هەموو هێزی خۆیەوە بەڕێوەی دەبات".
پڕۆسەیەکی ئەمریکی لە هورمز
سەرۆک ترەمپ پڕۆسەیەکی بە ناوی "پڕۆژەی ئازادی" ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی یاوەریکردنی کەشتییەکانە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە کە هێزەکانیان بە کەشتیی جەنگیی تەیارکراو بە موشەکی ڕێنماییکراو، زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی و ١٥ هەزار سەرباز پاڵپشتی ئەم پڕۆسەیە دەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسانەوە گواستییەوە، کە هێزی دەریایی ئەمریکا زانیاری دەربارەی باشترین و ئارامترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی گەرووی هورمز دەداتە کەشتییە بازرگانییەکان، کە "سوپای ئێران مینی تێدا نەی چاندبێت".
هەروەها ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، کە کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا دەبن، "بۆ هەر ئەگەرێکی پێویست بە مەبەستی ڕێگریکردن لە سوپای ئێران لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ناو گەرووەکە".
دوای ڕاگەیاندنەکەی ترەمپ، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی ئێران، لە پۆستێکدا لە سەکۆی (X) نووسیویەتی، هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لەو ڕێڕەوە ئاوییەدا بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست دادەنرێت، و ئاماژەی بەوەش کرد کە گەرووی هورمز و کەنداو بە "پۆستە خەیاڵاوییەکانی" سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوە ناچن.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران بە پەککەوتوویی ماونەتەوە، و ڕێککەوتنی ئاگربەستیش لە ٨ی نیسانی ڕابردووەوە بەردەوامە.
لە کاتێکدا ئێران دەسەڵاتی خۆی بەسەر گەرووی ستراتیژیی هورمزدا سەپاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا وەڵامی داوەتەوە.
گەرووی هورمز لە سەرەتای جەنگ دژی ئێرانەوە شاهیدی هێرشی مەکەرەر بووە بۆ سەر کەشتییەکان. پێش ئەوەش، تانکەرەکان نزیکەی پێنجەکی نەوت و غازی سروشتی شلکراوەی جیهانیان بەو گەرووەدا دەگواستەوە.