​نانسی مەیس "سندوقی ئیپستین" بە ڕووی ترەمپ و پارتی کۆمارییەکاندا دەکاتەوە
  2026-05-04       315       

دۆسیەی جێفری ئیپستین دەگەڕێتەوە بۆ پێشەنگی مشتومڕە سیاسییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام ئەمجارەیان لە دەرگای پارتی کۆمارییەکانەوە، لەگەڵ هەڵکشانی بانگەشەکان بۆ ئاشکراکردنی تەواوی بەڵگەنامە پەیوەندیدارەکان بەو دۆسیەیە.

ئاوێنە: ​لە ناوەندی ئەم مشتومڕەشدا، نانسی مەیس، پەرلەمانتاری کۆمارییەکان دەوەستێت، کە هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستێکی ڕاشکاوانەی گرتووەتەبەر و داوای شەفافییەتی تەواوەتی و ئاشکراکردنی سەرجەم بەڵگەنامەکانی دۆسیەکە دەکات، ئەمەش وای لێدەکات بکەوێتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گرژ لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپدا، هاوکات ئەمە پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، دابەشبوونە پەرەسەندووەکانی ناوخۆی پارتی کۆمارییەکان دەردەخات.

​گۆڕەپانی سیاسی ئەمریکا ماوەی چەند مانگێکە شاھیدی فشارێکی زیاترە لە نێو کۆڕیدۆرەکانی کۆنگرێسدا بۆ بڵاوکردنەوەی تەواوی بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئیپستینەوە، هەروەها نانسی مەیس یەکێکە لە دیارترین دەنگە کۆمارییەکان کە بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەم داواکارییە پەیڕەو دەکات، و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دۆسیەکە پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دادپەروەری و لێپرسینەوەوە هەیە.

​ئەم هەڵوێستەش لە سایەی بەردەوامیی مشتومڕەکاندا دێت سەبارەت بە قەبارەی بەڵگەنامە بڵاونەکراوەکان و قەبارەی زانیارییە ئاشکرانەکراوەکان، وە ئایا ناو و کەسایەتییەکی کاریگەر هەیە کە هێشتا پارێزراون لە ئاشکراکردن، کە لە نێویاندا خودی سەرۆکی ئەمریکا هەیە، سەرباری نەبوونی هیچ بەڵگەیەکی فەرمی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەمە، بەڵام بڵاوبوونەوەی لە نێو گوتاری سیاسی و میدیایی ئەمریکادا بەشداری کردووە لە قووڵکردنەوەی دۆخی جەمسەرگیری.

​لە بەرامبەردا، بازنەکانی نزیک لە ترەمپ پێیان وایە کە کردنەوەی تەواوەتی دۆسیەکە لەوانەیە ببێتە هۆی لێکەوتەی دادوەری، سیاسی و میدیایی چاوەڕواننەکراو، بەتایبەتی ئەگەر تۆمەتەکان کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکانی بوارەکانی سیاسەت، ئابووری و میدیا بگرێتەوە.

​ڕەنگدانەوەکانی هەڵوێستەکە لەسەر ترەمپ

​جووڵەکەی نانسی مەیس، ئاڵەنگارییەکی سیاسیی ناڕاستەوخۆیە بۆ ترەمپ، نەک لە گۆشەنیگای هێرشی کەسییەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی دۆسیەیەکی زۆر هەستیار لە کاتێکی سیاسیی هەستیاردا دەکاتەوە.

​بەپێی چاودێران، دەتوانرێت کاریگەرییە سیاسییەکان لە ٣ ئاستدا کورت بکرێنەوە:

​گوشاری سیاسیی ناوخۆیی: کردنەوەی دۆسیەی ئیپستین بە شێوەیەکی تەواوەتی لەوانەیە ئیدارەی ترەمپ بخاتەوە ژێر وردبینییەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی وەزارەتی داد لەگەڵ بەڵگەنامەکان و دزەپێکردن یان شاردنەوەیان.

​دابەشبوون لە ناو پارتی کۆمارییەکان: جیاوازییەکان لە نێوان ڕەوتێک کە داوای شەفافییەتی تەواوەتی دەکات، و ڕەوتێکی تر کە پێی وایە بەردەوامبوونی مشتومڕەکان زیان بە وێنەی پارتەکە دەگەیەنێت زیاتر دەبێت، ئەم دابەشبوونەش یەکڕیزی گوتاری کۆمارییەکان لاواز دەکات، کە توخمێکی بنەڕەتییە لە هەر هەڵبژاردنێکدا.

​کاریگەری هەڵبژاردنی داهاتوو: ئەگەر مەیس سەرکەوتوو بێت لە بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی خۆی لە ناو ویلایەتی کارۆلاینای باشوور، ئەوا ڕەنگە ببێتە یاریزانێکی کاریگەر لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی سەرۆکایەتیدا، کە ویلایەتێکە سەنگی نەریتیی خۆی هەیە لە ڕێڕەوی کاندیدکردنی سەرۆکایەتیدا، ئەمەش نیگەرانیی لای هەندێک لە بازنەکانی دەوروبەری ترەمپ دروست دەکات.

​پاڵنەرەکانی نانسی مەیس

​هەڵوێستەکانی نانسی مەیس بۆ پێداگری لەسەر داواکردنی کردنەوەی تەواوەتی دۆسیەکانی ئیپستین، پشت بە تێکەڵەیەکی ئاڵۆز لە هۆکاری کەسی و حیساباتی سیاسی دەبەستێت.

​لەسەر ئاستی کەسی، پێشتر مەیس بە ئاشکرا باسی لەوە کردووە کە لە تەمەنی هەرزەکاریدا ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە، هەروەها دواتر ئیفادەی داوە سەبارەت بە ڕووداوەکانی توندوتیژیی سێکسی گوماناوی، ئەمەش وای لێکردووە گوتارێکی بەهێز لە کەیسەکانی قوربانیان و دەستدرێژییە سێکسییەکاندا بگرێتەبەر.

​ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری نانسی مەیسەوە گواستییەوە کە لە وتارێکی کاریگەردا لە هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران پێشکەشی کردووە، وتوویەتی دەستگیرانەکەی پێشووی و سێ پیاوی دیکەی بە بێهۆشکردن و دەستدرێژیکردنە سەر خۆی و ژنانی تر تۆمەتبار کردووە، جگە لە وێنەگرتنی ژنان و کچانی خوار تەمەنی یاسایی بەبێ ڕەزامەندییان.

​لەسەر ئاستی سیاسییش، مەیس پشتی بە نزیکبوونەوەیەک بەستووە کە پشت بە بڕێک لە سەربەخۆیی هەڵوێستەکان لە ناو پارتی کۆمارییەکاندا دەبەستێت، کە بە تەواوی ملکەچی هێڵی ترەمپ نابێت. ئەو پاڵپشتی لە هەندێک لە سیاسەتەکانی دەکات لە دۆسیە دیاریکراوەکاندا، هەروەها دژایەتیشی دەکات لە کەیسە هەستیارەکانی وەک دۆسیەی ئیپستین و هەندێک پرسی دەرەکی وەک شەڕی سەر ئێران.

​هەڵوێستی مەیس، پەرلەمانتاری کۆمارییەکان سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، مشتومڕی لە نێو ناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکادا دروستکرد، بەتایبەتی دوای ئەو لێدوانانەی کە تێیدا پارێزگارییەکی ڕوونی پیشاندا سەبارەت بە هەر بژاردەیەک کە ناردنی هێزی زەمینی بۆ ئێران لەخۆبگرێت ئەگەر گرژییەکان لەگەڵ تاراندا هەڵبکشێت.

​بە تێپەڕبوونی کاتیش، پرسی ئیپستین گۆڕاوە بۆ تاقیکردنەوەیەکی ناوخۆیی بۆ ڕادەی یەکگرتوویی پارتی کۆمارییەکان، کە تێیدا ئاڕاستەی جیاواز لە ناوخۆیدا سەریانهەڵداوە. هەیە پێی وایە تیشک خستنە سەر ئەم دۆسیەیە دەرگا بە ڕووی قەیرانی سیاسی و میدیایی چاوەڕواننەکراودا دەکاتەوە، و پێی باشە مشتومڕەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن و لێکەوتەکانی کەم بکرێنەوە.

​لە بەرامبەردا، ڕەوتێکی دیکە کە بە سەرۆکایەتی کەسایەتییەکانی وەک نانسی مەیس و تۆماس ماسی سەرکردایەتی دەکرێن، پێداگری لەسەر داواکاری ئاشکراکردنی تەواوەتی بەڵگەنامەکان دەکەن، بەو پێیەی پرسێکی ئەخلاقییە و پەیوەندی بە متمانەی ڕای گشتییەوە هەیە بە دامەزراوەکان.

​لە نێوان ئەم دوو ئاڕاستەیەشدا، ڕەوتێکی سێیەم دەرکەوتووە کە هەوڵی خۆدوورگرتن لە گرژیکردن دەدات، لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگییەکی سیاسی کە زیانەکانی پارتەکە لەسەر ئاستی هەڵبژاردن سنووردار بکات.

​بە تێپەڕبوونی کات، قسەکردن سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی مەیس ڕۆڵێکی گەورەتر لە سیاسەتی ئەمریکادا بگێڕێت زیاتر دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور، کە گرنگیی ویلایەتە خۆی یەکلانەکردووەکان و هەڵبژاردنە بەراییە پێشوەختەکان زیاتر دەبێت، وە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور یەکێکە لە وێستگە یەکلاکەرەوەکان لەم چوارچێوەیەدا، کە دەبێتە هۆی ئەوەی هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی تێیدا ببێتە خاوەن کاریگەرییەک کە سنوورە ناوخۆییەکانی تێبپەڕێنێت.

​لە بەرامبەریشدا، ترەمپ ڕووبەڕووی کێشەیەکی سیاسیی هەستیار دەبێتەوە -بەپێی چاودێران- چونکە پێویستی بە پاراستنی یەکڕیزیی پارتەکەیەتی، و لە هەمان کاتیشدا ناتوانێت چاوپۆشی لەو دەنگە ناوخۆییانە بکات کە داوای شەفافییەت دەکەن سەبارەت بە پرسی ئیپستین.

​لە سایەی ئەم گرژییەدا، وا دیارە کە دۆسیەکە چیتر تەنها مەلەفێکی داخراو نییە لە ئەرشیفی دادوەریدا، بەڵکو ململانێیەکی کراوەیە کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە قووڵەکانی ناوخۆی خودی سیاسەتی ئەمریکایە.

​لە بەرامبەردا، نانسی مەیس بەردەوامە لە چەسپاندنی پێگەی خۆی وەک یاریزانێکی سیاسیی هەڵکشاو لە ناو پارتەکەدا، بە سوودوەرگرتن لە گوتارێکی دوولایەنە کە ڕەهەندی ئەخلاقی لە پرسە گشتییەکان و پێگەی سیاسیی سەربەخۆ کۆدەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە دۆسیەی ئیپستین زیاتر بێت لە تەنیا کێشەیەکی دادوەری، بەڵکو ببێتە گۆڕەپانێکی ململانێی سیاسیی کراوە لە ناو یەکێک لە گەورەترین پارتەکانی ئەمریکادا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×