ماکرۆن داوای کردنەوەی گەرووی هورمز دەکات بە هەماهەنگی لە نێوان ئێران و ئەمریکا
  2026-05-04       129       

لەکاتێکدا گرژی باڵی کێشاوە بەسەر پەیوەندییەکانی هەندێک وڵاتی ئەوروپی، بەتایبەت فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، داوای کردنەوەی گەرووی هورمزی کرد بە شێوەیەکی «هەماهەنگ لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان».

ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا، ماکرۆن لە کاتی گەیشتنی بۆ ئەرمینیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەشتەمین لووتکەی «کۆمەڵگەی سیاسی ئەوروپا»، وێڕای دەربڕینی گومان سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنە نوێیەی کە ترەمپ بۆ کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیژییە دەستیپێکردووە، جەختی کردەوە کە فەرەنسا لەم پلانەدا بەشداری ناکات.

ئەو هەروەها ڕەخنەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە ئەمریکییەکە بە ناوی «پڕۆژەی ئازادی» گرت و بە «ناڕوون» وەسفی کرد.

ئەم لێدوانانە بە کردەیی ئاگری گرژییە پەرەسەندووەکانی نێوان ترەمپ و هەندێک وڵاتی ئەوروپی خۆشتر دەکات؛ بەتایبەت دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم وڵاتانە لە پشتیوانیکردنی ئەو لە شەڕی دژ بە ئێران و لە بابەتی کردنەوەی گەرووی هورمزدا کەمتەرخەمییان کردووە، لە کاتێکدا بە وتەی ئەو، ئەوان زۆرترین سوود لەم گەرووە وەردەگرن.

ترەمپ هەروەها ڕایگەیاندبوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەیی سەربازی خۆی لە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە و نزیکەی 5000 هێزی سەربازی لەو وڵاتە دەکشێنێتەوە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدا درا کە ترەمپ لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی تووڕەیە بەهۆی نەچوونە پاڵ کەمپەینەکەی لەگەڵ ئیسرائیل دژی ئێران. ئەو هەروەها ڕەخنەی لە چەندین سەرکردە گرتووە، لەوانە فریدریش مێرتز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، کێر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ماکرۆن.

وەک ئاماژەیەکی دیکە بۆ زیادبوونی گرژییەکان، ترەمپ یەکێتیی ئەوروپای بە پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند کە بەنیازی ئەوەیە لە هەفتەی داهاتووەوە باجی گومرگی لەسەر ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە بەرهەمێنراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا تا 25% زیاد بکات؛ هەنگاوێک کە بەتایبەت بۆ ئەڵمانیا، وەک یەکێک لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی ئۆتۆمبێل، زیانبەخش دەبێت.

مێرتز هەفتەی ڕابردوو ڕەخنەی لە شەڕ لە ئێران گرت و وتی کە پلان و ئۆپەراسیۆنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بێ ستراتیژیین.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×