یان ڕێککەوتن یان بۆمبباران"؛ دواین هۆشداری ترەمپ بۆ تاران و جوڵەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بەرەو هورمز
  2026-05-04       244       

​سەرۆک ترەمپ لە چەقبەستوویی دۆخی "نە ڕێککەوتن، نە شەڕ" لەگەڵ ئێران بێزار ببوو. ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە فەرمانی پێکردووە، لە کۆتاییدا دەکرێت جارێکی دیکە ببێتەوە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ.

ئاوێنە: ​بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ڕاگەیاند: "سەرۆک هەنگاوی کرداری دەوێت. نایەوێت بێدەنگ دابنیشێت. فشاری دەوێت. ڕێککەوتنی دەوێت."

​شەوی پێنجشەممە پلانێک خرایە بەردەم ترەمپ بۆ ناردنی کەشتییە دەریاییەکان بەناو گەرووی هورمزدا تاوەکو بە زەبری هێز بیکاتەوە. لە کۆتا خولەکدا، بڕیاریدا ڕێبازێکی وریاتر بگرێتەبەر، لانی کەم بۆ سەرەتا.

​لە ڕۆژی دووشەممەوە، هێزی دەریایی ئەمریکا یارمەتی ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەدات کە ئاڵای ئەمریکایان بەرزکردووەتەوە یان هی وڵاتانی دیکەن بۆ پەڕینەوە لە گەرووەکە، ئەویش لە ڕێگەی پێدانی ڕێنمایی بۆ چۆنیەتی خۆپاراستن لە مین و ئامادەیی بۆ دەستێوەردان ئەگەر ئێران هێرشیان بکاتە سەر.

​بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن لە ئێستادا هیچ پلانێک نییە بۆ یاوەرییەکی دەریایی تەواوەتی بۆ کەشتییەکان.

​لە بری ئەوە، کەشتییەکانی هێزی دەریایی شانبەشانی فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکا "لە نزیکەوە" و لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن.

​فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، پاڵپشتی سەربازی ئەمریکا بۆ "پڕۆژەی ئازادی" پێکدێت لە تێکشکێنەری مووشەکی ئاراستەکراو، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی وشکانی و دەریایی و ١٥,٠٠٠ سەرباز.

​بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند کە یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوە (Rules of Engagement) بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە گۆڕدراون و دەسەڵاتیان پێدراوە هێرش بکەنە سەر هەڕەشە دەستبەجێکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن، وەکو بەلەمە خێراکانی سوپای پاسداران یان پێگە مووشەکییەکانی ئێران.

​سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆک ئەمەی بە "سەرەتای پرۆسەیەک وەسف کرد کە دەکرێت ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێرانییەکان."

​سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە، ئەرکە "مرۆیی"یەکە بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەشتییانەی لە گەرووەکەدا گیریان خواردووە بەو واتایە دێت "ئەگەر ئێرانییەکان شتێک بکەن، ئەوان دەبنە کەسە خراپەکان و ئێمەش شەرعیەتمان دەبێت بۆ ئەنجامدانی کاردانەوە."

​لە پشت پەردەوە، ئەدمیڕاڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، ڕۆژی پێنجشەممە پلانێکی گەورەتری خستە بەردەم ترەمپ بۆ ناردنی کەشتییەکانی هێزی دەریایی بەناو گەرووەکەدا.

​بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری پلانەکە بوو ڕایگەیاند کە ئەمریکا هەر مووشەکێک یان بەلەمێکی خێرای ئێرانی لەناودەبرد کە لە وەڵامدا ئاراستەی بکردنایە، وە شەڕی بە هێزێکی تەواوەوە دەستپێدەکردەوە ئەگەر ئێران ئاڵۆزییەکانی زیاتر بکردایە لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداو.

​ئەم پلانەی ئێستا مەترسی ئاڵۆزی دەستبەجێی کەمتری تێدایە، بەڵام هاوکات دەکرێت چەقبەستووییەکەش تا ڕادەیەکی زۆر وەک خۆی بهێڵێتەوە.

کاردانەوەی ئێران چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی "پڕۆژەی ئازادی" دیاری دەکات

​لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، ئێران نزیکەی هەموو ڕۆژێک هێرشی دەکردە سەر ئەو کەشتییانەی کە هەوڵی تێپەڕبوونیان دەدا بەناو گەرووەکەدا.

​ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، لە پلاتفۆرمی X هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد بەرامبەر بە هەنگاوەکەی ترەمپ.

​ئەو نووسیویەتی: "هۆشداری. هەر دەستوەردانێکی ئەمریکی لە سیستەمی نوێی دەریایی گەرووی هورمز بە پێشێلکردنی ئاگربەست هەژمار دەکرێت. گەرووی هورمز و کەنداوی فارس لە ڕێگەی پۆستە وەهمییەکانی ترەمپەوە بەڕێوە نابرێن!"

​ڕۆژی دووشەممە، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە "کردەوە شەڕانگێزییەکانی ئەمریکا تەنها دۆخی ئێستا ئاڵۆزتر دەکات" و ئاسایشی کەشتییەکان لە کەنداو دەخاتە مەترسییەوە.

​بەیاننامەکە داوای لە سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکان کرد کە خۆیان بەدوور بگرن لە تێپەڕبوون بەناو گەرووەکەدا بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئێران.

​دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە بە کاتی ناوخۆ، چەندین کەشتی هێزی دەریایی ئەمریکا لە دەریای عەرەبەوە بەرەو گەرووەکە دەستیان بە جوڵە کرد. ئاژانسی هەواڵی فارس-ی ئێرانی، کە سەر بە سوپای پاسدارانە، ئیدیعای ئەوەی کرد کە دوو مووشەکی ئێرانی پێکاونەتە کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمریکا.

​سێنتکۆم ئەو ئیدیعایەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند "هێزەکانی ئەمریکا پاڵپشتی پڕۆژەی ئازادی دەکەن و گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا جێبەجێ دەکەن."

​ دیپلۆماسیەت بە تەواوی سڕ نەکراوە. نێردەکانی ترەمپ، جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، هێشتا سەرقاڵی ئاڵوگۆڕکردنی ڕەشنووسەکانن لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران.

​بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا وتی: "گفتوگۆ هەیە. پێشنیار هەیە. ئێمە بە هی ئەوان ڕازی نین. ئەوانیش بە هی ئێمە ڕازی نین. هێشتا نازانین دۆخی [ڕێبەری باڵا] چۆنە. وە ئەوان نامەکان بە دەست دەگوازنەوە بۆ ئەشکەوتەکان یان هەر شوێنێک کە ئەو یان هەر کەسێکی تر لێی شاردراوەتەوە. ئەمەش پرۆسەکە خاو دەکاتەوە."

​چەند بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایانگەیاند، ویتکۆف ئامۆژگاری ترەمپی کردووە بۆ بەردەوامبوون لە دانوستانەکان و هەڵسەنگاندنێکی گەشبینانەی سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتن خستووەتەڕوو، بەڵام بەرپرسە باڵاکانی تر زۆر ڕەشبینترن.

​ بەرپرسە باڵاکە وتی: "یان ئەوەتا بەم زووانە هێڵە گشتییەکانی ڕێککەوتنێکی بەدەستهاتوو دەبینین، یانیش [ترەمپ] بە سەختترین شێوە بۆمببارانیان دەکات."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×