بەپێی نوێترین هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، جەنگی ١٢ ڕۆژەی حوزەیرانی ٢٠٢٥ و جەنگی ٢٨ی شوباتی ڕابردوو، نەیانتوانیوە مەترسییەکانی واشنتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بڕەوێننەوە. سەرەڕای بۆردومانە قورسەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان، کاتی پێویست بۆ ئەوەی تاران بتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات وەک خۆی ماوەتەوە کە نزیکەی "یەک ساڵە"، لە کاتێکدا پێش جەنگەکان ئەو ماوەیە تەنیا ٣ بۆ ٦ مانگ بوو.
ئاوێنە: لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاشکرای کردووە کە نەیتوانیوە شوێنی نزیکەی ٤٤٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی ٪٦٠ دیاری بکات، کە گومان دەکرێت نیوەی ئەو بڕە لە تونێلەکانی ژێر زەویدا لە ئەسفەهان حەشار درابێت. لە ئێستاشدا دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگەی گەمارۆی توندی ئابووری و دەریاییەوە فشارەکانی بۆ سەر تاران چڕ کردووەتەوە بۆ سەپاندنی ڕێککەوتنێکی نوێ.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی کارنێگی، وێرانبوونی ژێرخانی ئەتۆمی وایکردووە ئێران لە کاتی ئێستادا لەبری پەرەپێدانی ئەتۆمی، زیاتر سەرنج بخاتە سەر دووبارە بونیادنانەوەی توانای سەربازییە تەقلیدییەکانی وەک مووشەک و درۆن. لەگەڵ ئەوەشدا، هۆشداری دەدرێت کە لەوانەیە تاران لە داهاتوودا هەوڵی دروستکردنی دامەزراوەی ئەتۆمیی بچووکتر و نهێنیتر بدات بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە چاودێرییە نێودەوڵەتییەکان.