قالیباف: هێشتا هیچمان نەکردووە و ئەمریکا بەرگە ناگرێت
  2026-05-05       192       

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ڕایگەیاند، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئاسایشی کەشتیوانی و گواستنەوەی وزەیان خستووەتە مەترسییەوە لە ڕێگەی پێشێلکردنی ئاگربەست و سەپاندنی گەمارۆوە، ئاماژەی بەوەشکرد "هاوکێشەیەکی نوێ لە گەرووی هورمز پێکدێت".

ئاوێنە: ​قالیباف زیاتر وتی، بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا بۆ ئەمریکا "جێگەی قبووڵ نییە"، هەروەها جەختیشی کردەوە کە کەشتیوانی ئارام لە گەرووی هورمز لەژێر مەترسیدایە بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئاگربەست و سەپاندنی گەمارۆ.

​قالیباف لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "وردە وردە هاوسەنگییەکی نوێی هێز لە گەرووی هورمز دادەمەزرێت. ئاسایشی کەشتیوانی دەریایی و تێپەڕبوونی سەرچاوەکانی وزە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە هەڕەشەیان لەسەرە، ئەمەش بەهۆی پێشێلکردنی ئاگربەست و سەپاندنی گەمارۆ."

​هەروەها وتیشی: "ئێمە زۆر باش دەزانین کە بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا بۆ ئەمریکا بەرگە ناگیرێت، لە کاتێکدا ئێمە هێشتا دەستمان بە هیچ هەنگاو و ڕێکارێک نەکردووە."

​پێشتریش لە ڕۆژی سێشەممەدا، نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە واشنتۆن بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، کار دەکات بۆ داڕشتنی پڕۆژەبڕیارێکی نوێ سەبارەت بە پێشهاتەکانی گەرووی هورمز.

​مایک واڵتز ڕوونیکردەوە کە پڕۆژەبڕیارەکە ئامانجی ئیدانەکردنی ئێرانە بەهۆی داخستنی گەرووەکە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم هەنگاوە کاریگەری لەسەر ئابوورییەکانی سەرانسەری جیهان هەیە.

​هەروەها وتیشی، پڕۆژەکە ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێرانیش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووەکەدا لەخۆدەگرێت، هاوشان لەگەڵ ئیدانەکردنی چالاکییەکانی دیکە کە بریتین لە چاندنی مین و سەپاندنی باج و ڕسومات لە ناوچەکەدا.

​نوێنەرەکەی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە پڕۆژەبڕیارەکە لێپرسینەوە لە ئێران لەخۆدەگرێت لەسەر ئەو کارانەی کە ئەمریکا وەک پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی دەیانبينێت، جگە لە داواکردن لێی بۆ ئاشکراکردنی شوێنی ئەو مینانەی لە گەرووی هورمز چێندراون.

​هەروەها دووپاتیکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کار دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان ناتوانرێت وەک چەک بەکاربهێنرێن، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ جەخت لەسەر پێویستی دڵنیابوون لە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دەکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×