لە قەیرانی وزەوە بۆ شۆکی تەکنەلۆژیا؛ شەڕی ئێران مۆبایل و کۆمپیوتەر گران دەکات
  2026-05-05       138       

لێکەوتەکانی جەنگی سەر ئێران گەیشتووەتە دڵی کەرتی تەکنەلۆژیای جیهانی. قەیرانەکە لە کێشەی وزە و گواستنەوەوە گۆڕاوە بۆ شۆکێکی ڕاستەوخۆ لە زنجیرەی دابینکردنی چیپە ئەلیکترۆنییەکان و تەختەی سووڕی چاپکراو (PCB)، کە پێکهاتەی سەرەکیی زۆربەی ئامێرە مۆدێرنەکانن لە مۆبایل و کۆمپیوتەرەوە تا دەگاتە سێرڤەرەکانی زیرەکیی دەستکرد.

ئاوێنە: قەیرانەکە دوای بەئامانجگرتنی کۆمەڵگەی جوبەیل بۆ پترۆکیمیایی لە سعودیە قووڵتر بووەوە، کە بووە هۆی وەستانی بەرهەمهێنانی ماددەی (ڕزین) کە بۆ دروستکردنی (PCB) بەکاردێت. ئەمەش وایکرد نرخی ئەم تەختانە تەنیا لە مانگی نیساندا بە ڕێژەی ٤٠٪ و نرخی مس بە ڕێژەی ٣٠٪ بەرز ببێتەوە، ئەوەش لە کاتێکدا کەرتی تەکنەلۆژیا بەدەست خواستێکی بێپێشینەی سێرڤەرەکانی زیرەکیی دەستکردەوە دەناڵێنێت.

قەیرانەکە لە سێ لاوە هێرش دەکاتە سەر کەرتی تەکنەلۆژیا: وزە، کەرەستەی خاو (وەک هیلیۆم و مس)، و گرفتی گواستنەوە. کیشوەری ئاسیا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی پشتبەستنی زۆری بە وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چڕبوونەوەی پیشەسازیی چیپەکان لە وڵاتانی وەک کۆریای باشوور و تایوان، کە ئەمەش وادەکات هەر پشێوییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستەوخۆ کارگە زەبەلاحەکانی ئاسیا ئیفلیج بکات.

شارەزایان پێشبینی دەکەن کە ئەم بەرزبوونەوەیەی تێچووی بەرهەمهێنان ڕاستەوخۆ لە نرخی ئامێرەکاندا دەرنەکەوێت، بەڵکوو لەناو پسوولەی بەرهەمهێناندا کەڵەکە دەبێت و وردە وردە دەبێتە هۆی گرانبوونی مۆبایل و کۆمپیوتەر، کەمبوونەوەی داشکاندنەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، و تەنانەت ڕەنگە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هەندێک ئامێریش لە بازاڕەکاندا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×