بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل، تیشکی سەرەکیی هێرشە ئەگەرییەکان بۆسەر ئێران ژێرخانەکانی وزە و بەئامانجگرتنی بەرپرسە باڵاکانی تاران دەبێت.
ئاوێنە: سەرچاوەیەکی باڵای ئیسرائیلی بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی ڕاگەیاندووە "لەدوای زیادبوونی گرژییەکان لە گەرووی هورمز و کەوتنە مەترسیی ئاگربەست لەگەڵ ئێران، وڵاتەکەمان هەماهەنگییەکی نزیکی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستپێکردووە".
وتیشی "ئەم هەماهەنگییانە ئامادەکاری بۆ خولێکی نوێی هێرشە ئەگەرییەکان بۆسەر ئێران دەگرێتەوە، هێرشەکانیش تیشکی سەرەکییان لەسەر ژێرخانەکانی وزە و بەئامانجگرتنی بەرپرسە باڵاکانی ئێران دەبێت".
سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەشداوە، بەشێکی زۆری ئەم پلانە ئۆپەراسیۆنییانە لە سەرەتای مانگی نیسانەوە و پێش دەستپێکردنی ئاگربەست، بەتەواوی بۆ جێبەجێکردن ئامادە بوون.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە جەختیشی کردووەتەوە کە ئامانج لەم جوڵانە، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی سەربازیی کورتخایەنە تاوەکو فشار لە تاران بکرێت ئیمتیازی زیاتر بۆ دانستان بەدەستبهێنرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو باسی لەوەشکردووە کە بڕیاری کۆتایی بۆ دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان لە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە. "بەڕێز ترەمپ ئەگەرچی نیگەرانیی خۆی لە بنبەستی دانوستانەکان و بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمز دەربڕیوە، بەڵام وتوشیەتی؛ ئارەزووی چوونە ناو جەنگێکی هەمەلایەنەی نییە".
هەر لەم چوارچێوەیەدا، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا چەندین کۆبوونەوەی ئەمنیی لە ئاستی باڵا و سنوورداردا ئەنجامداوە و فەرمانی بە وەزیرانی کابینەکەی داوە کەلە هەر جۆرە لێدوانێکی گشتی سەبارەت بە ئێران خۆیان بپارێزن.
