عەراقچی لە پەکینەوە: ئێران جگە لە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و گشتگیر، هیچ شتێکی تر قبوڵ ناکات
  2026-05-06       147       

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە ئێران جگە لە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و گشتگیر، هیچ شتێکی تر قبوڵ ناکات.

ئاوێنە: ​لێدوانەکانی عەراقچی لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ هاوتا چینییەکەی هات، کە تێیدا جەختی لەوە کردەوە پەکین دۆستێکی نزیکە و هاریکاریی دووقۆڵیش "لە ژێر سایەی هەلومەرجی ئێستادا بەهێزتر دەبێت".

​لە لای خۆیەوە، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند کە پەکین ئامادەیە بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی لەپێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان واشنتن و تاران زۆر پێویستە، بەو پێیەی ناوچەکە بە قۆناغێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت.

​بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی چینی نوێ "شینخوا"، بەیانی ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی چین لە پەکین چاوی بە هاوتا ئێرانییەکەی کەوتووە، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە بخاتە ڕوو.

​ئەم سەردانە بە یەکەمین سەردانی عەراقچی بۆ چین هەژمار دەکرێت لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران لە لایەک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا.

​چین وەک هاوردەکارێکی سەرەکیی نەوتی ئێران دادەنرێت، بەمەش ڕووبەڕووی ئەو سزایانە دەبێتەوە کە ئەمریکا سەپاندوونی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتن هەوڵی خنکاندنی سەرچاوەکانی داهاتی تاران دەدات.

​ئەم گەشتە کە تەنیا یەک ڕۆژ دەخایەنێت، پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین دێت کە بڕیارە لە ١٤ و ١٥ی ئایاردا ئەنجام بدرێت.

​پێشتر مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هانی چینی دابوو بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر وەزیری دەرەوەی ئێران، و ڕایگەیاندبوو: "هیوادارم چینییەکان بە (عەراقچی) بڵێن ئەوەی پێویستە پێی بوترێت، ئەویش ئەوەیە کە ئەوەی لە گەرووەکاندا دەیکەن دەبێتە هۆی گۆشەگیرکردنتان لەسەر ئاستی جیهان".

​لە کاتێکدا پەکین بە شێوەیەکی گشتی پارێزگاری لە هەڵوێستێکی بێلایەنانە سەبارەت بە ململانێکان دەکات، بەڵام دژایەتیی کردەئامانجگرتنی سەروەریی خاکی ئێرانی کردووە و کارئاسانیشی بۆ هەوڵەکانی نێوەندگیری کردووە. هەروەها چین چەندین جار داوای لە ئەمریکا و ئێران کردووە کە پارێزگاری لە ئاگربەست بکەن و کۆتوبەندەکانی سەر گەرووی هورمز هەڵبگرن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×