بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، گرژییەکانی ناوچەی گەرووی هورمز پەرەسەندنێکی مەترسیداریان بەخۆوە بینی، کاتێک گرووپی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی فڕەنسی (سی ئێم ئەی، سی جی ئێم - CMA CGM) ئاشکرای کرد کە یەکێک لە کەشتییە بازرگانییەکانیان ڕووبەڕووی هێرشێکی توند بووەتەوە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکە، هێرشەکە درەنگانی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە کراوەتە سەر کەشتیی (سان ئەنتۆنیۆ) لە کاتی تێپەڕینیدا بە گەرووەکەدا، کە بووەتە هۆی گەیاندنی زیانێکی زۆری مادی بە کەشتییەکە و برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی تیمی کەشتیوانان.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دەستبەجێ بریندارەکانی سەر کەشتییەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی وڵاتانی ناوچەکە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی پێویست و لە ئێستادا لەژێر چاودێریدان. هاوکات، کۆمپانیا فڕەنسییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەدواداچوونی ورد بۆ ڕەوشی تەندروستیی بریندارەکان و بارودۆخی کەشتییەکە دەکات، هەروەها لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ناردنی تیمی کەشتیوانیی جێگرەوە و گرتنەبەری سەرجەم ڕێوشوێنەکان لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی کارمەندەکانی.
جێی باسە، ئەم ڕووداوە پێشهاتێکی نوێ و مەترسیدارە لە زنجیرە گرژییەکانی ئەم دواییە، چونکە هەرچەندە لە ڕێکەوتی سێی ئایارەوە (مایۆ) تا ئێستا چوار کەشتیی بازرگانیی دیکە لە ئاوەکانی گەرووی هورمزدا کراونەتە ئامانج و زیانی مادیی گەورەیان بەرکەوتووە، بەڵام ئەمە یەکەمین جارە لە پاڵ زیانە مادییەکاندا، زیانی گیانییشی لێ بکەوێتەوە و ئەندامانی تیمی کەشتیوانیی ئەو کەشتییانە بریندار ببن.
پەرەسەندنی ئەم هێرشانە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەیە کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە ناوچەکەی گرتووەتەوە. ڕۆژی دووشەممە (چواری ئایار)، لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) هەڵمەتێکی گەورەی سەربازیی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەست پێ کرد. ئەم ئۆپراسیۆنە کە بە بەشداریی ١٥ هەزار سەرباز، ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی و چەندین کەشتیی جەنگی بەڕێوە چوو، کاردانەوەی توندی کۆماری ئیسلامیی ئێڕانی لێ کەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی تاران ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئەو کەشتییانەی بە نیازی تێپەڕین بوون لە هورمز.
لە دوا پێشهاتیشدا سەبارەت بەم قەیرانە، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری دا بە شێوەیەکی کاتی ئۆپراسیۆنەکەی پرۆژەی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز ڕابگرێت. ترەمپ دووپاتی کردەوە کە هۆکاری ئەم هەنگاوە دەگەڕێتەوە بۆ داواکاریی وڵاتی پاکستان و چەند دەوڵەتێکی دیکە، ئەمەش وەک دەرفەتێک تا بزانرێت ئایا دەتوانرێت لەگەڵ ئێراندا بگەنە ڕێککەوتن یان نا.