لە پێشهاتەیەکی سیاسیی بێپێشینەدا و بەهۆی مەترسییەکانی پەرەسەندنی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەیان ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە سەر بە حزبی دیموکرات، بێدەنگییەکی دەیان ساڵە دەشکێنن و داوا دەکەن واشنتن بە فەرمی دان بە بوونی بەرنامە و چەکی ئەتۆمی ئیسرائیلدا بنێت.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"، لە نامەیەکدا کە لەلایەن چەندین یاسادانەری دیموکراتەوە واژۆکراوە، هۆشداری دراوە لەوەی بەردەوامبوونی سیاسەتی "تەمومژاوی" ئەمریکا بەرامبەر بە تواناکانی ئیسرائیل چیتر پاساوی نەماوە، بەتایبەت لە سایەی جەنگی ئێستای دژ بە ئێران و ئەگەری هەڵگیرسانی کارەساتێکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا.
کۆنگرێسمان "خواکین کاسترۆ" کە پێشەنگایەتی ئەم هەڵمەتە دەکات، ڕایگەیاند کە بەهۆی تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە پاڵ ئیسرائیل دژی ئێران، سەربازان و هاووڵاتیانی ئەمریکی مافی خۆیانە بزانن ڕووبەڕووی چ جۆرە مەترسییەک دەبنەوە. لە هەمان کاتدا، پەرلەمانتاران "سارا جاکۆبس" و "پرامێلا جایاپاڵ" جەختیان لەوە کردەوە کە شەفافیەت بۆ ڕێگریکردن لە هەڵەی کوشندە و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی پێداویستییەکی حەتمییە.
چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوە گوزارشتە لە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ناوخۆی حزبی دیموکرات، کە تێیدا ڕەخنەکان لە سیاسەتی ئیسرائیل و "دووپێوەریی" ئەمریکا لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی ڕوو لە زیادبوونن. ڕەخنەگران دەپرسن؛ چۆن دەکرێت واشنتن ڕێگری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا چاوپۆشی لە ترسانە ئەتۆمییەکەی ئیسرائیل بکات کە بە شێوەیەکی نافەرمی هەیە؟
ئەم نامەیە کە کۆتایی بە لێکتێگەیشتنێکی نەوتراوی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەهێنێت، ئیدارەی بایدن دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورس لە نێوان پاراستنی هاوپەیمانێتییە ستراتیژییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی شەفافیەت لە ناوخۆی کۆنگرێسدا.