دادگای تاوانەکان لە شانشینی بەحرەین، لە حەوت دۆسیەی جیاوازدا سزای زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی بەسەر ژمارەیەک تۆمەتباردا سەپاند، کە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و سیخوڕیکردن بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستگیرکرابوون.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی میدیا فەرمییەکانی بەحرەین، بڕیاری کۆتایی دادگا بۆ ئەم دۆسیەیە بریتییە لە:
سزای زیندانیکردن: بۆ ماوەی ٢ تا ٣ ساڵ بۆ هەر تۆمەتبارێک.
پێبژاردنی دارایی: غەرامەکردنیان بە بڕی ٢٥٠ بۆ ٥٠٠ دیناری بەحرەینی.
دەستبەسەرداگرتن: دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم ئەو کەرەستە، ئامراز و پارانەی کە بۆ جێبەجێکردنی تاوانەکان بەکارهێنراون.
ئەنجامی لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە ئەو دەستگیرکراوانە دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی کردەوەی ئاژاوەگێڕی و تێکدەرانەدا، هەروەها پەیڕەوییان لە ئایدۆلۆژیای "ویلایەتی فەقێ" کردووە.
لای خۆیەوە، داواکاری گشتیی تاوانە تیرۆریستییەکان لە بەحرەین ڕایگەیاند؛ ئەم تۆمەتبارانە ڕۆڵی "ئەسپی تەروادە"ی ئێرانیان لە ناوخۆی بەحرەیندا گێڕاوە. ئامانجی سەرەکییان تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی وڵات بووە، بەتایبەتی قۆستنەوەی ئەو کاتانەی کە شانشینەکە ڕووبەڕووی هەڕەشە و هێرشی دەرەکی بووەتەوە.