ئەمڕۆ لەبەریتانیا بەملیۆنان دەنگدەر هەڵبژارنێكی چارەنوساز ئەنجام دەدەن
  2026-05-07       453       

كاوە ڕەش - بەریتانیا 

 

لەدوای هەڵبژاردنە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ەوە، ئەمڕۆ  پێنجشەممە ٧ی ئایار، بەملیۆنان دەنگدەر، بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەڕۆن.

 

دەنگدەران لەسکۆتلەندا و وێڵز نوێنەری خۆیان بۆ پەرلەمانی نیشتمانیی هەڵدەبژێرن، هاوکات ژمارەیەک هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ناوخۆیی و سەرۆکایەتی شارەوانی لەئینگلتەرا بەڕێوەدەچن.

لە ئێرلەندای باکوور، بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ناوخۆیی و ئەنجوومەنی نوێنەران، هەرلەمانگی ئایاری ٢٠٢٧ ئەنجام بدرێت.

وێستگەكانی دەنگدان لەنێوان کاتژمێر٧ی بەیانی بەکاتی ناوەندی لەندەن تا كاتژمێری ١٠شەو  كراوە دەبن و پێشبینی دەکرێت ئەنجامەکان لەڕۆژی هەینی و لە کۆتایی هەفتەدا بەتەواوی ئاشكرابكرێن.

ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە گەورەترین تاقیکردنەوە دەربارەی بیروڕای گشتی، لەدوای سەرکەوتنی پارتی کرێکاران لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ٢٠٢٤.

بەپێی ڕاپرسیی و  لێكدانەوەكانیش دەردەكەوێت، کە ئەنجامەکان ڕەنگە ببنەهۆی  زیاتر پارچەپارچەبوونی سیاسەتی بەریتانیا. 

لەسکۆتلەندا، پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا هەوڵدەدات بۆ گەڕێكی دیكەش و پێنجەم هەڵبژارن لەسەر یەك لەحکومەتدا بمێنێتەوە.

پارتی ڕیفۆرم بەریتانیاو پلاید سیمرو،  کێبڕکێ دەکەن بۆ ئەوەی ببنە گەورەترین پارتی لەسێنێد، لەهەرێمی وێڵز، کەڕیزبەندی بەردەوامی دەسەڵاتی پارتی کرێکاران لەدوای وەرگرتنی دەسەڵات لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لە ژێر هەڕەشەدایە.

هەروەها پارتی کرێکاران لەئینگلتەرا، دەشێ زۆر لەكورسی و شارەوانیەكان لەدەست بدات، کەئەو پارتە تائێستا  زۆرینەی هەیە یان سەرکردایەتی زۆرێک لە ئەنجومەنەکان دەکات بۆ هەڵبژاردن، و دەکرێت ڕووبەڕووی زیانێکی بەرچاو ببێتەوە لەبەرامبەر  پارتی ڕیفۆرم بەریتانیا و کاندیدەکانی پارتی سەوز.

ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە لۆكاڵیەی ئینگلتەرا، دیاری دەکەن کەکێ خزمەتگوزارییە گشتییە گرنگەکانی وەک قوتابخانە، چاودێری کۆمەڵایەتی، کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، كەرتی گواستنەوە بەڕێوەدەبات.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هەڵبژاردنە دەتوانن ئاماژەیەك  بکەن کەدەنگدەران چۆن هەست بەئەدای حکومەتی پارتی کرێکاران و سەرۆکوەزیران (سێر کیەر ستارمەر) دەکەن کە لە چەند مانگی ڕابردوودا سەرکردایەتییەکەی کەوتۆتە ژێر فشارو پاڵەپەستۆی حیزبەكەیی و ڕكابەرەكانی لەپارلەمانی بەریتانیا.

لەلایەكی دیكەشەوە باس لەوەش کراوە کەئەگەر ئەنجامەکان کارەساتباربن بۆ پارتی كار، پێ دەچێ سەرکردایەتییەکی نوێ بۆ حوكمەت پارلەمان دیاری بكرێت.

هاوكات دەنگدەرانی پارتی ڕیفۆرم، بەسەرۆكاتی ناجێڵ فراج، كەپارتێكی دژە پەنابەرو بیانی دەناسرێت، تادێت لەهەڵكشان دان، كەپێك دێن لەتوندڕەوەو ڕاستڕەوەكانی بەریتانیا، ئاماژەكانیش بەوەدەچن كەبتوانن لەم هەڵبژاردنەدا، دەنگێكی زۆری پارتی كارو پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بۆخۆیان بەرن.

 

ڕێنمایەكانی هەڵبژاردن چۆنن؟

بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئینگلتەرا، دەنگدەر دەبێت تەمەنی ١٨ ساڵ بێت، بەڵام 

بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی سكۆتلاند و سێنێد، دەنگدەرانی تەمەن ١٦ ساڵ دەتوانن لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی سکۆتلەندا و سێنێد بەشداربن.

هاوكات دەنگدەر دەبێت یان هاووڵاتییەکی بەریتانی، یان ئێرلەندی بیت، یان هاووڵاتییەکی بیانی شایستە بیت و مافی مانەوەی هەمیشەی هەبێت.

لەگەڵ ئەوەش پێویستە پێشتر ناوت تۆمار كرابێت تابتوانی بەشداری هەڵبژاردن بكەیت.

 

سێ ڕێگا هەیە بۆ دەنگدان:

١ -بەشێوەیەکی کەسی لەبنکەی دەنگدانی ناوخۆیی خۆت، لە ڕۆژی هەڵبژاردن لەنێوان کاتژمێر 0700 بە کاتی ناوەندی و 2200 بە کاتی لەندەن.

٢-بەڕێگای پۆستی دەتوانیت دەنگ بدەیت.

٣- بەوەكالەت بەدیاری كردنی کەسێک بۆ دەنگدان بەناوی تۆوە - بەوەکالەت دەتوانێت دەنگت بۆ بدات.

 

بەپێی یاساكانی نوێی هەڵبژارن لەئینگلتەرا دەبێ دەنگدەر بەناسنامەوە دەنگ بدات دەشێ ناسنامەكە وادەی بەسەرچووبێت بەڵام بەمەرجێك لەكاتی بەراوردكرن كەسەكە خۆی بێت.

هەروها گرتنی وێنەی سێڵفی و تۆماركردنی ژووری دەنگدان ڕێگا پێدراو نیە، دەشێ بڕی ٥هەزار پاوەند یاخود شەش مانگ زیندانی كردنی بەدواوە بێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×