دەتانەوێت دەست بە گریان بکەم؟".. بۆ یەکەمین جار نامەی خۆکوشتنەکەی جێفری ئێپستین بڵاوکرایەوە
  2026-05-07       506       

ڕۆژی چوارشەممە، دادوەرێکی ئەمریکی ئەوەی بڵاوکردەوە کە پێدەچێت نامەی خۆکوشتنی (جێفری ئێپستین)ی سزادراو بە تاوانە سێکسییەکان دۆزرابێتەوە، کە چەند هەفتەیەک پێش گیانلەدەستدانی لە زیندانێکی نیویۆرک نووسیویەتی، ئەمەش بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس.

ئاوێنە: ​زیندانییەک کە لەگەڵ ئێپستین لە یەک زینداندا بووە، ڕایگەیاندووە کە نامەکەی لەناو پەڕتووکێکدا دۆزیوەتەوە دوای ئەوەی ئێپستین هەوڵێکی خۆکوشتنی شکستخواردووی ئەنجامدا، ئەوەش چەند هەفتەیەک پێش گیانلەدەستدانی لە مانگی ئابی ٢٠١٩دا.

​لە دەقی نامەکەدا هاتووە: ​"بۆ چەندین مانگ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردم - هیچ شتێکیان نەدۆزییەوە!!!!
بۆیە تۆمەتەکانی ١٥ ساڵ لەمەوبەریان زیندوو کردەوە.
ئەوە مایەی دڵخۆشییە کە مرۆڤ بتوانێت کاتی خۆی بۆ ماڵئاواییکردن هەڵبژێرێت.
دەتانەوێت چی بکەم - دەست بە گریان بکەم!!
هیچ چێژێکی تێدا نییە - شایەنی ئەوە نییە!!"

​بەپێی ئاژانسە فەڕەنسییەکە، نامەکە بۆ چەندین ساڵ بە داخراوی مایەوە وەک بەشێک لە ڕێکارە سزاییەکانی هاوژوورەکەی ئێپستین لە زیندان، بەڵام (کێنێس کاراس)، دادوەری دادگای باشووری نیویۆرک، دوای داواکارییەکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا کرد.

​سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا دروستیی بەڵگەنامەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام ئاشکراکردنی لە کاتێکدایە کە پرسیار و گومانەکان بەردەوامن سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەو ملیاردێرە ئەمریکییە خاوەن هەژموونە لە کاتی چاوەڕوانییدا بۆ دەرچوونی حوکمەکەی، وەک سەرچاوەکە ئاماژەی پێداوە.

گیانلەدەستدانی ئێپستین وەک خۆکوشتن هەژمار کرا، بەڵام بوونی چەندین کەلێنی ئەمنی لە زیندانەکە و دیارنەمانی دیمەنی کامێراکانی چاودێری، گومانیان خستە سەر گێڕانەوە فەرمییەکە.

​لە کۆتایی مانگی تەممووزی ٢٠١٩دا، ئێپستین بە برینداری لە زیندانەکەیدا دۆزرایەوە، کە بەرپرسان وەسفیان کرد بە هەوڵێکی شکستخواردووی خۆکوشتن. بانگەشەی ئەوەش دەکرێت کە نامەکە پێش ئەو ڕووداوە نووسرابێت و لەناو ڕۆمانێکی وێنەییدا دانرابێت.

​ئێپستین ناسراو بوو بە نزیکی لە چەندین ئەستێرە و سیاسەتمەدار لە سەرانسەری جیهاندا، کە تۆمەتبار کران بە تێوەگلان لە تۆڕێکی لەشفرۆشی بە کچانی نەوجەوانەوە کە دوای کاروانەکەی لە جیهانی دارایی و کۆکردنەوەی سامانێکی زۆر دایمەزراندبوو.

​دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لە ٦ی تەممووزی ٢٠١٩ بەبێ کەفالەت دەستگیریان کرد، و لە ١٠ی ئابی ٢٠١٩ بە مردوویی لە زیندانەکەیدا دۆزرایەوە.

​سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ چەندین ساڵ هاوڕێی ئێپستین بووە، بەڵام پەیوەندی نێوانیان نزیکەی دوو دەیە لەمەوبەر ئاڵۆزی تێکەوت، ترەمپیش جەختی لەوە کردەوە کە ناکۆکی نێوانیان چەند ساڵێک پێش ئاشکرابوونی تاوانەکانی ئێپستین ڕوویداوە.

​لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی دادی ئەمریکا ملیۆنان بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە کەیسەکەی بڵاوکردەوە، بەپێی یاسایەک کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەرچووە و تێیدا بڕیاردراوە بە بڵاوکردنەوەی سەرجەم تۆمارە پەیوەندیدارەکان بە ئێپستین، ئەمەش مشتومڕێکی بەرفراوانی لە ناوەندەکانی ئەمریکادا دروستکرد.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×