پزیشکیان ستایشی تواناکانی موجتەبا خامنەیی دەکات
  2026-05-07       138       

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە بەم دواییانە بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێر و نیویدا کردووە لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵا، ئەمەش دوای ئەو لێدوان و دەنگۆیانە دێت کە باس لە تەندروستی ڕێبەری باڵا و برینداربوونی دەکەن لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

ئاوێنە: ​پزیشکیان کاتی کۆبوونەوەکەی دیاری نەکرد و وتی: "ئەوەی لەم دیدارەدا زۆرترین سەرنجی ڕاکێشام، دیدگای ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و شێوازە سادە و ڕاستگۆیانەکەی بوو".

​هەروەها وتیشی: "شێوازی ڕێبەری باڵا لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەماندا، کەشی گفتوگۆکەی گۆڕی بۆ ژینگەیەکی بنیاتنراو لەسەر متمانە و گفتوگۆی ڕاستەوخۆی بێ بەربەست".

​پزیشکیان - لە لێدوانەکانیدا کە میدیا فەرمییەکانی ئێران گواستوویانەتەوە - ئاماژەی بەوە کرد کە تاران ڕووبەڕووی "گوشاری دەرەکی بووەتەوە کە ئامانج لێی زیادکردنی گوشاری ئابووری، تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆیی و لاوازکردنی یەکڕیزیی نیشتمانییە"، وەک ئەوەی خۆی وەسفی کردووە.

​سەرۆک کۆماری ئێران وتی: "ئامانجی دوژمن لەم گوشارانە، دروستکردنی دۆخێکی ناڕەزایەتیی گشتی، هاندانی خەڵک بۆ هاتنە سەر شەقامەکان و لاوازکردنی پێکهاتەی دەسەڵاتە".

​پزیشکیان سەرزەنشتی ئەمریکای کرد و وتی: "بەرپرسانی ئەمریکا بە ئاشکرا باس لە توندکردنەوەی گوشاری ئابووری بۆ سەر گەلەکەمان دەکەن بە ئامانجی دروستکردنی ناڕەزایەتی".

​هەروەها وتیشی: "گەل پیلانی دوژمنانی پووچەڵ کردووەتەوە سەرەڕای هەلومەرجی شەڕ و ئەو گوشارە ئابوورییانەی کە بەرگەیان دەگرن".

​لە مێژە بەرپرسانی ئەمریکا گومانیان لە باری تەندروستیی ڕێبەری نوێی ئێران هەبووە، کە لەوەتەی وەک جێنشینی باوکی هەڵبژێردراوە بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە، کە باوکی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتدا تیرۆرکرا.

​دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکە زیاتر لە جارێک ڕایانگەیاندووە کە کەلێن و درز لە ناو پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێراندا هەیە، ئەمەش بەهۆی دوورکەوتنەوەی کرداریی ڕێبەری باڵا لە بازنەی بڕیاردان بەهۆی باری تەندروستییەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×