ئاژانسی رۆیته‌رز له زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك و چه‌ند به‌رپرسێكه‌وه بڵاویكردۆته‌وه، ئەمریکا و ئێران نزیكن له ڕێککەوتنێکی كورتماوه بۆ ڕاگرتنی جەنگی نێوانیان، تاران سەرقاڵی پێداچونەوەی پێشنیارێکە کە شەڕەکە ڕادەگرێت بەڵام کێشە هەرە جێناکۆکەکان بەبێ چارەسەر ده‌هێڵێته‌وه.
ئاوێنه: ئاژانسی رۆیته‌رز له زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌و چه‌ند به‌رپرسێكه‌وه بڵاویكردۆته‌وه، پێشنیاره‌كه كه به‌ره‌وپێشچونی به‌خۆیه‌وه بینیوه، جەخت لەسەر یادداشتێكی لێكتێگه‌یشتنی کورتماوه دەکاتەوە له‌بری ڕێککەوتنێکی گشتگیریی ئاشتی، ئەمەش قوڵی جیاوازییەکانی نێوان هەردولا دەردەخات و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمە تەنیا هەنگاوێکی کاتی دەبێت.
به‌رپرسه‌كان و سه‌رچاوه‌كان به ئاژانسه‌كه‌یان وتوه، تاران و واشنتۆن كارده‌كه‌ن بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتنێكی كاتی، كه پێكدێت له یاداشتێكی یه‌ك لاپه‌ڕه‌یی، به ئامانجی رێگری له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی جه‌نگ و به‌دیهێنانی سه‌قامگیریی كه‌شتیوانی له گه‌روی هومرز.
بەرپرسێکی باڵای پاکستان کە بەشدارە لە نێوەندگیری نێوان هەردولا، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوه "ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه ئه‌وه‌یه كه كۆتاییهێنانی یه‌كجاری به شه‌ڕ رابگه‌یه‌نن، کێشەکانی دیكه‌ش دەکرێت هه‌ر له‌گه‌ڵ دەستپێکردنەوەی دانوستانه ڕاستەوخۆکان گفتوگۆیان له‌باره‌وه بكرێت."
بەگوێرەی قسه‌ی سەرچاوەكان و بەرپرسه‌كان كه قسه‌یان بۆ رۆیته‌رز كردوه، چوارچێوە پێشنیارکراوەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت: کۆتاییهێنانی فەرمی بە شەڕ، چارەسەرکردنی قەیرانی گەروی هورمز و كردنه‌وه‌ی دەرفەتێکی 30 ڕۆژە بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی بەرفراوانتر.
تاهیر ئەندرابی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیسلام ئاباد کاتێک پرسیاری لێ‌کرا سەبارەت بەوه‌ی كه ئایا رێككه‌وتنه‌كه به‌خێرایی ده‌كرێت یان نا، وتی: "ئێمە هێشتا گەشبینین، وەڵامێکی سادە ئەوەیە کە چاوەڕوان دەکەین زوتر ڕێککەوتنەکە بکرێت نەک درەنگتر."
دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکەوه چەندین جار باسی لە بونی به‌ره‌وپێشچون له دانوستانه‌كاندا كردوه، گەشبینی خۆی نیشانداوە.
دوێنێ چوارشەممە لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: ئێرانییه‌كان "دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن... ئه‌گه‌ری رێككه‌وتن زۆره" و دواتر وتیشی "بەخێرایی ئه‌و كاره ده‌كرێت."
سەرچاوەکان به رۆیته‌رزیان وتوه، ئه‌م پێشنیاره ده‌كرێت به فەرمی کۆتایی بەو ململانێیه بهێنێت کە به‌پێی رێككه‌تنی ئاگربه‌ست شه‌ڕی به‌رفراوانی له 7ی نیسانه‌وه پێ راگیرا. بەڵام داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکا بە هەڵپەسێردراوی دەهێڵێتەوە، وەک ڕاگرتنی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران و کردنەوەی گەروی هورمز.
بەرپرسانی ئێران گومانی خۆیان بەرامبەر بە پێشنیارەکەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی فراوان دەربڕیوه. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتویه‌تی، تاران لە کاتی خۆیدا وەڵامی پێشنیاره‌كه دەداتەوە، لە کاتێکدا ئیبراهیم ڕەزایی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران، پێشنیارەکەی وەک "لیستێکی ئاواتەکانی ئەمریکا نەک ڕاستی" وەسف کردوه.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وەک گاڵتەجاڕییەک بەو هەواڵانەی کە دەڵێن هەردولا لە یەک نزیکن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویەتی "برام متمانه‌م پێبكه ئۆپەراسیۆنه‌كه شکستی هێنا" و دانوستانەکانیشی وەک چەواشەکارییەکی ئەمریکی نیشانداوه دوای شکستی ئه‌و وڵاته لە کردنەوەی گەروەکە.
ترەمپ ڕۆژی سێشەممەو دوای دو رۆژ له ده‌ستپێكردنی، ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی راگرت، كه ئامانج لێی کردنەوەی گەروی هورمز بو.
کەناڵی ئێن بی سی نیوز لە زاری دو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، کە ترەمپ دوای ئەوە بڕیاری ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکەی داوە کە سعودیە ڕێگەی نەداوە سوپای ئەمریکا بنکەیەکی وڵاتەکەی بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێوەندگیرییەکە وتویه‌تی، دانوستانەکانی ئەمریکا لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ و جارید کوشنەری زاوایه‌وه سەرپەرشتی دەکرێن. ئەگەر هەردولا رازی بن به ڕێککەوتنە سەرەتاییەکە، ئەوا وادەی 30 ڕۆژ بۆ دانوستانی ورد بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی دەستپێدەکات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردوە کە لە پێنشیاره‌كه‌دا باس لە چەند داواکارییەکی سەرەکی نەکراوە کە پێشتر واشنتۆن هەیبون و ئێران ڕەتیکردبونەوە، وەک سنوردارکردنی بەرنامەی موشەکی ئێران و کۆتاییهێنان بە پشتگیریکردنی گروپە چەکدارەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە حزبوڵا.
هەروەها سەرچاوەکان ئه‌وه‌شیان خستۆته‌ڕو، هیچ ئاماژەیەک بەو یۆرانیۆمه كۆگاكراوه‌ی ئێران نه‌كراوه كه به‌شێوه‌یه‌كی ئاست به‌رز پیتێندراوه‌و زیاتر له 400 كیلۆگرامه‌و یەکێکە لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی واشنتۆن.