ماركۆ روبیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، واشنتۆن چاوه‌ڕوانه ئه‌مڕۆ وه‌ڵامی ئێرانی بۆ پێشنیاره‌كه‌یان بۆ كۆتاییهێنان به جه‌نگ به‌ده‌ست بگات.
ئاوێنه: ماركۆ رۆبیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه له رۆمایه، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له‌باره‌ی دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران، به رۆژنامه‌نوسانی وت"ئێمه چاوه‌ڕوانین ئه‌مڕۆ وه‌ڵامی ئێرانمان (بۆ پێشنیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا) به‌ده‌ست بگات. هیوادارین ئه‌و وه‌ڵامه‌ی ده‌یخه‌نه‌ڕو جددی بێت."
لێدوانه‌كه‌ی روبیۆ له‌كاتێكدایه كه هه‌ر ئه‌مڕۆ عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له په‌یامێكدا له سه‌كۆی ئێكس له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه سه‌ربازییه‌كانی شه‌وی رابردوی نێوان ئه‌مریكاو وڵاته‌كه‌ی وتی، هه‌مو جارێك كه چاره‌سه‌رێكی دیپلۆماسی ده‌خرێته‌ڕو، ئه‌مریكا په‌ناده‌باته به‌ر سه‌ركێشییه‌كی سه‌ربازیی بێباكانه. ئایا ئه‌مه تاكتیكێكه بۆ گوشار یان ئه‌نجامی هه‌وڵێكی دیكه‌ی تێكدانه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا فریوبدرێت و بخرێته نێو زۆنگاوێكی تر؟
عراقچی وتیشی، هۆكاره‌كه هه‌ر چییه‌ك بێت، ئه‌نجامه‌كه یه‌ك شته: ئێرانییه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مل بۆ گوشاره‌كان ناده‌ن، هه‌میشه دیپلۆماسییه‌تیش ده‌بێته قوربانی.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران دوێنێ پێنجشه‌ممه رایگه‌یاند، هێشتا سه‌رقاڵی تاوتوێكردنی پێشنیاره‌كه‌ی ئه‌مریكان بۆ كۆتاییهێنان به جه‌نگ و دوای ته‌واوكردنی وه‌ڵامی خۆیان ده‌ده‌نه‌وه به پاكستان وه‌كو نێوه‌ندگیر.