عێراقچی: ئێرانییەکان هەرگیز لە ئاست فشارەکاندا چۆک دانادەن
  2026-05-08       166       

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لەوە کردەوە کە تاران قەت لە ئاست فشارەکاندا ملی کەچ ناکات، ئاماژەی بەوەشدا کە هەموو جارێک کە چارەسەرێکی دیپلۆماسی دەخرێتە ڕوو، واشنتۆن هەنگاو بەرەو "سەرکێشییەکی سەربازی بێباکانە" دەنێت.

​ئاوێنە: ​ئەمڕۆ هەینی، عێراقچی لە بەیاننامەیەکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی "ئێکس" بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: "هەموو جارێک کە چارەسەری دیپلۆماسی لەسەر مێز بێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکێشییەکی سەربازی بێباکانە هەڵدەبژێرێت".

​عێراقچی پرسیاری ئەوەی کرد: "ئایا ئەمە تاکتیکێکی فشاری قێزەونە؟ یان دەرەنجامی کارێکی تێکدەرانەیە کە جارێکی دیکە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەڵدەخەڵەتێنێت بۆ ئەوەی پەلکێشی ناو زۆنگاوێکی دیکەی بکات؟".

​عێراقچی زیاتر وتی: "هۆکارەکان هەرچیش بن، دەرەنجامەکە یەک شتە: ئێرانییەکان هەرگیز لە ئاست فشارەکاندا چۆک دانادەن، وە هەمیشەش دیپلۆماسیەت دەبێتە قوربانی".

​لە وەڵامی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاشدا، وەزیرە ئێرانییەکە وتی: "ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی (CIA) هەڵەیە، یەدەگی موشەکیی و توانای سەکۆکانی هەڵدانمان بە بەراورد لەگەڵ ٢٨ی شوبات لە ئاستی ٧٥٪ نییە، بەڵکو ژمارە دروستەکە ١٢٠٪ـە".

​عێراقچی لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا باس لە توانا بەرگرییەکانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت: "سەبارەت بە ئاستی ئامادەییمان بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەمان، ئەوا: ١٠٠٠٪ـە".

​ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە ئێران ڕایگەیاند کە شەڕەتەقە لە نێوان هێزەکانی ئێران و هێزەکانی ئەمریکادا ڕوویداوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە تاران ناوی لێنا "دەستدرێژی" هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی لە گەرووی هورمز.

​ئاژانسی تەسنیم - لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە - ڕایگەیاند کە ڕووداوەکانی ئەمشەو بە هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی دەستیپێکرد، و دواتریش بەئامانجگرتنی کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکای لێکەوتەوە.

​ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز - لە زاری بەرپرسانی ئێرانییەوە - گواستیەوە کە ئەو شوێنانەی لە ناوخۆی ئێران کراونەتە ئامانج بریتین لە لەنگەرگەی بەهمەن، کارگەیەکی دروستکردنی کەشتی لە قشم و بنکەیەکی ئاسمانی لە بەندەر عەباس.

​لە لای خۆیەوە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە هێزەکانیان بەرپەرچی هێرشەکانی ئێرانیان داوەتەوە کە بە "پاساونەهێنراو" وەسفی کردووە، و جەختیشی لەوە کردەوە کە بە "گورزی بەرگری" وەڵامیان داوەتەوە.

​هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە گورزە تۆڵەسەندنەوەکان دژی ئامانجەکانی ئێران دوای هێرشە ئێرانییەکان تەنها "زللەیەکی سووک" بوون، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئاگربەست هێشتا کاری پێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×