لە سایەی بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، گیدعۆن سەعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، دووپاتیکردەوە کە تەلئەبیب هیچ تەماحێکی هەرێمایەتیی لە لوبناندا نییە.
ئاوێنە: سەعر ئەمڕۆ هەینی لە پۆستێکدا لەسەر هەژمارەکەی لە سەکۆی "ئێکس" ڕایگەیاند کە "گفتوگۆیەکی بەرهەمدار و درێژخایەن"ی لەگەڵ بیاتێ مێینل ڕایزینگەر، وەزیری دەرەوەی نەمسا ئەنجامداوە، کە تێیدا تاوتوێی پرسی ئێران و لوبنانیان کردووە، لەنێویاندا دانوستانە "ڕاستەوخۆکانی ئیسرائیل لەگەڵ حکومەتی لوبنان".
هەروەها وتیشی کە "ئامانجی ئیسرائیل پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی حیزبوڵڵایە بۆ ئەنجامدانی هەر هێرشێک هاوشێوەی حەوتی ئۆکتۆبەر، هەروەها نەهێشتنی هەڕەشەکانیەتی بۆ سەر ئەو نشینگانەی نزیکن لە سنوورەکانەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر لەمڕۆدا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل چەند شارۆچکەیەکی لە باشووری لوبنان کردە ئامانج. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری "العربية/الحدث"، بۆردومانەکانی ئیسرائیل دەوروبەری هەردوو شارۆچکەی مەنسووری و بیوت سەیادی گرتووەتەوە، سەرەڕای شارۆچکەی مەعرەکە، دێر عامس، یەحمەر شەقیف، عەیتيت، شەعیتیە و چەند ناوچەیەکی دیکە.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل برینداربوونی دوو سەربازی ڕاگەیاند کە باری تەندروستیی یەکێکیان سەختە، ئەمەش بەهۆی تەقینەوەی درۆنێکی حیزبوڵڵا کە لە ناوخۆی ئیسرائیل و نزیک سنوورەکانی لوبنان کەوتە خوارەوە. سوپا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشدا کە ئامادەکاری دەکات بۆ وەڵامدانەوەی هەر تەقەیەک کە لە لوبنانەوە بەرەو ناوچەکانی باکوور بکرێت.
دواتریش "پەیامنێری العربية/الحدث" ڕایگەیاند کە دوو مووشەک کە لەلایەن حیزبوڵڵاوە بەرەو باکووری ئیسرائیل هەڵدرابوون تێکشکێنراون، لەکاتێکدا زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند شارێکدا بیسترا.
بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو (١٤ و ١٥ی پێنج) لوبنان و ئیسرائیل خولێکی نوێی گفتوگۆکان لە واشنتۆن ئەنجام بدەن، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا دوو خولی دیکە لەسەر ئاستی باڵیۆزەکان لە واشنتۆن بەڕێوەچوون.
جێی باسە، شەڕی نێوان ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە بۆ لوبنانیش پەلی کێشابوو، دوای ئەوەی لە دووەمی مارس (ئازار) حیزبوڵڵا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، چەند مووشەکێکی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کرد.
لە بەرامبەریشدا، ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانیی سەخت بۆ سەر باشووری بەیرووت و گوندەکانی باشوور و ناوچەی بیقاع لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە وەڵامی دایەوە.
بەڵام لە ١٧ی ئەپریل (نیسان)ـەوە ڕێککەوتنێکی نوێی ئاگربەست چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بڕیاربوو بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام بێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای گەڕی دووەمی گفتوگۆکان، درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی بۆ ماوەی ٣ هەفتە ڕاگەیاند.
سەرەڕای ئەوەش، ئیسرائیل بەردەوام بوو لە هێرشەکانی کە دەڵێت حیزبوڵڵا دەکاتە ئامانج، سەرباری پرۆسەکانی تەقاندنەوە لە شارۆچکە سنوورییەکانی لوبنان.
لە بەرامبەریشدا، حیزبوڵڵا هێرشی کردە سەر ئەو هێزانەی ئیسرائیل کە بەشێک لە باشووری وڵاتەکەیان داگیرکردووە، هەروەها چەند درۆنێکی بەرەو نشینگە ئیسرائیلییەکان هەڵدا.
جێی ئاماژەیە کە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەی دوایی، دووەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لە نێوان ئیسرائیل و حیزبەکەدا لە ساڵی ٢٠٢٣ـەوە، دوای ئەوەی هەردوو لا بۆ زیاتر لە ساڵێک لەسەر پاشخانی جەنگی کەرتی غەززە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە. سەرەڕای گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەستیش لە نۆڤەمبەری (تشرینی دووەم) ٢٠٢٤، ئیسرائیل بەردەوام بووە لە هێرشەکانی کە گیانلەدەستدانی سەدان کەسی لێکەوتووەتەوە و دەڵێت کە چەکدارانی حیزبوڵڵا و ژێرخانە سەربازییەکانی دەکاتە ئامانج.