سوپای ئێران، وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنی تێکشکێنەرە ئەمریکییەکانی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینیدا لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند، کە ناوی ئۆپەراسیۆنەکەی ناوە "شەهید مایڤان".
ئاوێنە: سوپاکە لە بەیاننامەیەکدا کە میدیاکانی ئێران گواستوویانەتەوە دەڵێت، "بەیانی ڕۆژی هەینی ٨ی ئایار، هێزی دەریایی ئەمریکا هەوڵیدا بە پاڵپشتی ئاسمانی سێ تێکشکێنەرە دەستدرێژکارەکەی لە گەرووی هورمزەوە بەرەو دەریای عومان دووربخاتەوە، هێزی دەریایی ئێرانیش هێرشێکی هاوبەشی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستپێکرد، کە تێیدا ٨ مووشەکی کروز و ٢٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی بەکارهێناوە".
هەروەها وتیشی، "لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا و سەرەڕای هەوڵە چڕەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە، یەک مووشەکی کروز و ٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی بە سەرکەوتوویی تێکشکێنەرە ئەمریکییەکانیان پێکا، کە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەم ئۆپەراسیۆنە ناوی (ئەمیر بەهادور مایڤان) لێنراوە، واتە ئۆپەراسیۆنی شەهید مایڤان".
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی لەوە کردبووەوە کە "لە هەشتی ئایاردا، هێزەکانی ئەمریکا هەردوو کەشتی نەوتهەڵگری (سی ستار ٣) و (سەڤدا)یان پەکخستووە بەر لەوەی بچنە ناو بەندەرێکی ئێرانەوە لە کەنداوی عومان، ئەمەش لە چوارچێوەی سەپاندنی گەمارۆکانی ئەمریکا بەسەریاندا".
لە بەیاننامەکەیدا ئەوەشی زیادکردووە کە "فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری ئێف/ئەی-١٨ سوپەر هۆرنێت سەربە هێزی دەریایی ئەمریکا، لەسەر کەشتی فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بوش)ەوە فڕیوە و گورزی وردی وەشاندووە کە دووکەڵکێشی هەردوو کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی کردووەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی پەکخستنیان و ڕێگریکردن لەوەی بچنە ناو ئێرانەوە".
لە شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینیش، بارەگای ناوەندیی "خاتەم ئەلئەنبیا" لە ئێران ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی ئێران چەند پارچەیەکی دەریایی ئەمریکییان لە ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز و باشووری بەندەری چابەهار کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەوەی کە بە پێشێلکاری ئەمریکا بۆ ئاگربەست وەسفی کردووە بە "هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە" و بەئامانجگرتنی کەشتی و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران.
وتەبێژی بارەگاکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "سوپای ئەمریکا کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی کردووەتە ئامانج کە لە ئاوە کەناراوییەکانی ناوچەی جاسکەوە بەرەو گەرووی هورمز دەڕۆیشت، لەگەڵ کەشتییەکی دیکە کە لە ڕێگادابوو بۆ چوونە ناو گەرووەکە لە بەرامبەر بەندەری فوجەیرەی ئیماراتی"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ گورزی ئاسمانی کە ناوچە مەدەنییەکانی لە کەناراوەکانی بەندەری خەمیر و سیریک و دوورگەی قشم گرتووەتەوە.