بەڵێنەکەی ترەمپ بە نەتانیاهۆ: هیچ سازشێک لەسەر ئەتۆمی ئێران ناکەین
  2026-05-10       235       

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دوای چەند ڕۆژێک لە هێرشی پچڕپچڕ، ئارامییەکی ڕێژەیی باڵی بەسەر گەرووی هورمزدا کێشا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاوەڕوانی وەڵامی ئێران دەکات بۆ نوێترین پێشنیازەکانی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی زیاتر لە دوو مانگە هەڵگیرساوە و دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی.

ئاوێنە: ​تاکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ جووڵەی تاران لەسەر ئەو پێشنیازە بەدیناکرێت، کە دەبێتە هۆی کۆتاییهێنانێکی فەرمی بە جەنگەکە پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان سەبارەت بە پرسە پڕ مشتومڕەکان، لە نێویاندا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

​دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێشبینی دەکات بەم زووانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەڵامێک لە ئێرانەوە سەبارەت بە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە پێبگات کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگەکە.

​ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (LCI)ـی فەرەنسی زیاتر وتی، تاران هێشتا بە سەختی ئارەزووی واژۆکردنی ڕێککەوتن دەکات.

​ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەناڵی 13ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە گواستییەوە کە ترەمپ بەڵێنی بە بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوە، لە دانوستانەکانی ئێستای لەگەڵ ئێراندا هیچ سازشێک لەسەر پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو ناکات، بەڵام ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هەموو سیناریۆکان دەکات.

​لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین لەم هەفتەیەدا، فشارەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە لە زیادبووندان، کە قەیرانێکی وزەی لە جیهاندا دروستکردووە و هەڕەشەیەکی پەرەسەندووە بۆ سەر ئابووریی جیهانی.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×