ئێران بە سەپاندنی سزای قورس ژنان دەترسێنێت
  2026-05-10       183       

هەڵمەتی دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای قورس لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ڕوو لە زیادبوون دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا، دوو ژن دەستبەسەرن و دوو ژن سزا دراون.

ئاوێنە: ​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا دەربارەی سزادانی ژنانی ئێران لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە ڕاپۆرتێکدا بەمجۆرە زانیاریی خستووەتەڕوو، هەڵمەتی دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای قورس لەلایەن دەزگاکانی ئێرانەوە بەرەو زیادبوون دەچێت و حکومەت لەم ڕێیەوە هەوڵی ترساندن و بێدەنگکردنی چالاکوانانی ژن دەدات و سزای وەک لێدان بە قامچی و سێدارە بەسەریاندا دەسەپێنێت.

​ئاماژە بەوەشکراوە، مریەم دریسی نیشتەجێی کازروونی پارێزگای فارس لەلایەن لقی ١٠١ـی دادگای تاوانکاری ئێرانەوە بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی و پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت” بە گشتیی سزای دوو ساڵ و سێ مانگ زیندانییکردن و ٧٤ لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا.

​باس لەوەشکراوە، زەینەب موسەوی لە زیندانی وەکیئاوای مەشھەد بە تۆمەتی”چەکداری و دژایەتی حکومەتی ئێران” دەستبەسەرە، هەروەها نەجمە ئەمینی خوێندکاری تەمەن ٢٣ ساڵ، دوای ٩٨ ڕۆژ دەستبەسەرکردن، بە تۆمەتی دژایەتی دەوڵەتی ئێران ڕووبەڕووی مەترسیی سزای قورس بووەتەوە.

​ئەوەش خراوەتەڕوو، دکتۆر موهێبەت غەفووری پزیشکی پسپۆڕی منداڵان لە شاری لاری پارێزگای فارس، بۆ جاری دووەم دەستبەسەر کرایەوە و تاوەکو ئێستا شوێنی ڕاگرتنی نادیارە، ئەم پزیشکە کە بە کارە خێرخوازییەکانی ناسراوە، پێشتر هەموو داراییەکانی لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە زەوت کرابوون.

​لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە ئەم شەپۆلە نوێیەی دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای قورس، نیشانەی توندتربوونی فشارە ئەمنییەکانە بۆ سەر توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەتایبەت ژنانی چالاکوان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×