وەزارەتی بەرگری ئیمارات ڕایگەیاند کە بەرگرییە ئاسمانییەکانیان دو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییان تێکشکاندوە و ئامارێکی گشتگیرشی سەبارەت بە بەرپەرچدانەوەی هەزاران موشەک و درۆن بڵاوکردەوە کە لە سەرەتای هێرشەکانی ئێرانەوە زیانێکی زۆری گیانی بە ڕەگەزنامە جیاوازەکان گەیاندوە. هاوکات، قەتەر ئاشکرای کرد کە کەشتییەکی بارهەڵگر کە لە ئەبوزەبییەوە بەرەو قەتەر بەڕێکەوتبو، لەناو ئاوە هەرێمییەکانیدا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج.
ئاوێنە: وەزارەتی بەرگری ئیمارات لە بڵاوکراوەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی "X" بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیمارات مامەڵەیان لەگەڵ دو فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا کردوە کە لە ئێرانەوە هاتبون. لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە ئاشکراکانی ئێرانەوە، بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیمارات مامەڵەیان لەگەڵ 551 موشەکی بالیستی، 29 موشەکی کرۆز و دو هەزار و 265 فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا کردوە.
هەروەها زیادیکردوە "لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردودا هیچ حاڵەتێکی كوژران یان برینداربون یان گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە، بەمەش لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەكانی ئاشکراکانی ئێرانەوە، کۆی گشتی ژمارەی كوژراوان گەیشتوەتە دو شەهید، جگە لە شەهیدبونی مەدەنییەکی خاوەن ڕەگەزنامەی مەغریبی کە گرێبەستی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان هەبوە. لەکاتێکدا کۆی گشتی ژمارەی کوژراوەکان گەیشتوەتە 10 مەدەنی لە ڕەگەزنامەکانی، پاکستانی، نیپالی، بەنگلادیشی، فەلەستینی، هیندی و میسری".
بڵاوکراوەکە بەردەوام بوە و دەڵێت: "کۆی گشتی ژمارەی بریندارەکان لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئیمارات گەیشتوەتە 230 بریندار، لە ڕەگەزنامە جیاوازەکان کە بریتین لە؛ ئیماراتی، میسری، سودانی، ئەسیوپی، فلیپینی، پاکستانی، ئێرانی، هیندی، بەنگلادیشی، سریلانکی، ئازەربایجانی، یەمەنی، ئۆگاندی، ئێریتیری، لوبنانی، ئەفغانی، بەحرەینی، قەمەری، تورکی، عێراقی، نیپالی، نێجیری، عومانی، ئوردنی، فەلەستینی، غانی، ئەندۆنیزی، سویدی، تونسی، مەغریبی و ڕوسی".
وەزارەتی بەرگری ئیمارات جەختی کردەوە کە لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەک و بەرەنگاربونەوەی بەهێزی هەر کارێک کە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی دەوڵەت بێت، بە شێوەیەک کە پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی مسۆگەر بکات.
ئەوە لەكاتێكدایە بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری قەتەر ڕایگەیاندوە کە ئەو کەشتییە بارهەڵگرە بازرگانییەی لەناو ئاوە هەرێمییەکانی وڵاتەکەدا پێکراوە، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لێی دراوە و کەشتییەکە لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیماراتەوە دەهات کاتێک بەیانی ئەمڕۆ هێرشەکەی کرایە سەر.
قەتەر ڕایگەیاندوە کە ڕوداوەکە بوەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی سنوردار لەناو کەشتییەکەدا بێ ئەوەی هیچ برینداربونێک تۆمار بکرێت. کەشتییەکە دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، بەردەوام بوە لە گەشتەکەی بەرەو بەندەری مەسەعید.