ڕەتکردنەوەی خێرای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ وەڵامەکەی ئێران سەبارەت بە پێشنیازە ئاشتییەکەی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئەمەش لە ناوەڕاستی ئەو ترس و نیگەرانییانەی کە ململانێی ١٠ هەفتەییەکە بەردەوام بێت و هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بە وەستاوی بهێڵێتەوە.
دوای چەند ڕۆژێک لە پێشکەشکردنی ئۆفەرێک لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بە ئومێدی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، دوێنێ یەکشەممە ئێران وەڵامێکی بڵاوکردەوە کە تیشکی خستبووە سەر کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سەرجەم بەرەکاندا، بەتایبەتی لە لوبنان، کە تێیدا ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمریکا لەگەڵ حزبوڵڵای هاوپەیمانی ئێران لە شەڕدایە.
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند کە تاران داواکارییەکی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی شەڕ پێشکەش کردووە و جەختی لەسەر سەروەریی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا کردووەتەوە.
ئاژانسی نیمچە فەرمیی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردەوە کە ئێران داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە کۆتایی بە گەمارۆ دەریاییەکەی بهێنێت، زەمانەتی ئەوە بدات کە هێرشی دیکە ناکرێت، سزاکان هەڵبگیرێن و کۆتایی بە قەدەغەکردنی فرۆشتنی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بهێنرێت.
لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، ترەمپ لە ڕێگەی بڵاوکراوەیەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێشنیازەکەی ئێرانی ڕەتکردەوە.
ترەمپ لە پێگەی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ئەمەم بەدڵ نییە. بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە"، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە بخاتە ڕوو.
پێشتریش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشنیازی کۆتاییهێنان بە شەڕی کردبوو پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان سەبارەت بە پرسە پڕ مشتومڕەکان، لە نێویاندا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەردەوامیی چەقبەستوویی دۆخەکە کە گەرووی هورمزی تا ئاستێکی زۆر بە داخراوی هێشتووەتەوە، نرخی نەوت سێ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە. پێش شەڕەکە، ئەم ڕێڕەوە ئاوییە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی دەگواستەوە، و وەک یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی فشار لە شەڕەکەدا دەرکەوت.
ئەمریکییەکان ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخی بەنزین دەبنەوە، لە کاتێکدا کەمتر لە شەش مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول کە دیاری دەکات ئایا پارتی کۆمارییەکان کە ترەمپ سەربەو پارتەیە، کۆنترۆڵی کۆنگرێس دەپارێزێت یان نا.
هەروەها ئەمریکا تەنها پشتگیرییەکی کەمی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە، چونکە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ" داواکارییەکانیان بۆ ناردنی کەشتی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ڕەتکردووەتەوە بەبێ بوونی ڕێککەوتنێکی ئاشتی گشتگیر و نێردەیەکی نێودەوڵەتی بۆ کردنەوەی گەرووەکە.
هێشتا ڕوون نییە کە لە داهاتوودا چ هەنگاوێکی نوێی دیپلۆماسی یان سەربازی دەگیرێتەبەر.
چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی چوارشەممە ترەمپ بگاتە پەکین. لەگەڵ زیادبوونی فشارەکان بۆ دانانی سنوورێک بۆ شەڕەکە و ئەو قەیرانی وزە جیهانییەی کە دروستی کردووە، ئێران یەکێک دەبێت لەو بابەتانەی کە بڕیارە ترەمپ و شی جین پینگ، سەرۆکی چین تاوتوێی بکەن.
ترەمپ پشتی بە چین بەستبوو بۆ بەکارهێنانی هەژموونی خۆی بە مەبەستی پاڵنانی تاران بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنتۆن.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران کۆتاییان هاتووە، ترەمپ لە لێدوانێکدا کە دوێنێ یەکشەممە پەخشکرا گوتی: "ئەوان تێکشکێندران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە بابەتەکە کۆتایی هاتووە".
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە شەڕ کۆتایی نەهاتووە، چونکە هێشتا "کاری زیاتر ماوە بکرێت" بۆ لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران، هەڵوەشاندنەوەی بنکەکانی پیتاندن، و ڕووبەڕووبوونەوەی بریکارەکانی ئێران و توانا مووشەکییە بالیستییەکانی.
نەتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا کە دوێنێ یەکشەممە لەگەڵ بەرنامەی "60 خولەک" لە کەناڵی "سی بی ئێس نیوز" (CBS News) پەخشکرا، ڕایگەیاند کە باشترین ڕێگە بۆ لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوەیە. بەڵام ئەگەری لەناوبردنیشی بە زەبری هێز ڕەتنەکردەوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند کە ئێران "هەرگیز سەر بۆ دوژمن شۆڕ ناکات" و "بە هێزەوە بەرگری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان دەکات".
سەرباری هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ شکاندنی ئەو چەقبەستووییە، هێشتا ئەو هەڕەشەیەی ڕووبەڕووی ڕێڕەوە دەریاییەکان و ئابوورییەکانی ناوچەکە دەبێتەوە زۆر گەورەیە.
چەند ڕۆژی ڕابردوو گەورەترین پەرەسەندنی ململانێ و شەڕی لە ناو گەرووەکە و دەوروبەریدا بەخۆیەوە بینی لە کاتی دەستپێکردنی ئاگربەستەوە.
دوێنێ یەکشەممە، ئیمارات ڕایگەیاند کە بەرپەرچی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داوەتەوە کە لە ئێرانەوە هاتبوون، لە کاتێکدا قەتەر سەرکۆنەی هێرشێکی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرد کە کەشتییەکی بارهەڵگری کردبووە ئامانج کە لە ئەبوزەبییەوە هاتبوو بۆ ناو ئاوە هەرێمییەکانی. کوەیت-یش ڕایگەیاند کە بەرگرییە ئاسمانییەکانی مامەڵەیان لەگەڵ چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دوژمنکارانە کردووە کە چوونەتە ناو ئاسمانی وڵاتەکەیەوە.
هەروەها پێکدادانەکان لە باشووری لوبنان لە نێوان ئیسرائیل و گرووپی چەکداریی حزبوڵڵای پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە بەردەوام بوون، سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی کە بە نێوەندگیری ئەمریکا ئەنجامدرا و لە ١٦ی نیسان ڕاگەیەندرا.
نەتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ بەرنامەی "60 خولەک" گوتی کە کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران مەرج نییە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە لوبنان، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە داڕێژەرانی پلانەکانی ئیسرائیل توانای ئێرانیان بۆ پچڕاندنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز بە کەم سەیر کردبوو.
وتیشی: "کەمێک کاتی ویست تا قەبارەی ئەم مەترسییە درک پێبکەن، کە ئێستا درکیان پێکردووە".