ناتانیاهۆ: ئیسرائیل ئیتر پارەی ئەمریکای ناوێت
  2026-05-11       421       

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پلانی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە پشتبەستن بە هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە دەیەوێت هاوکارییە داراییەکانی واشنتن بۆ ئیسرائیل بە شێوەیەکی پلەبەندی و هەر لەم ساتەوە بگاتە سفر.

ئاوێنە: ​ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «سی بی ئێس نیوز» وتی: «ئەم بابەتەم بە سەرۆک ترەمپ و هەروەها بە گەلەکەشمان وتووە. ئەوان سەرسام بوون، بەڵام من وتم دەمەوێت هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بگەیەنمە سفر؛ مەبەستم لە بەشی دارایی ئەو هاوکارییە سەربازییانەیە کە وەریدەگرین، چونکە ساڵانە ٣.٨ ملیار دۆلار وەردەگرین.»

​هەروەها وتیشی: «بە بڕوای من کاتی ئەوە هاتووە خۆمان لە پشتبەستن بە پاشماوەی هاوکارییە سەربازییەکان جیابکەینەوە. دەمەوێت هەر لە ئێستاوە دەست پێبکەین.»

​ئەم لێدوانانە لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا خرانەڕوو کە دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە، و وەک ڕاگەیاندنێکی فەرمی بۆ هەنگاونانی ئیسرائیل بەرەو سەربەخۆیی تەواوەتی لە هاوکارییە دەرەکییەکان لە کەرتی دارایی سەیر کرا.

​ئەمریکا ساڵانە نزیکەی ٣.٨ ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی پێشکەش بە ئیسرائیل دەکات، کە بەشی هەرە زۆری ئەو بڕە پارەیە بۆ کڕینی چەکی دروستکراوی ئەمریکا خەرج دەکرێت.

​ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتە دەگمەنانەی کە پێشتر دەستبەرداری هاوکارییە ئابوورییەکانی ئەمریکا بووە، و هاوکارییەکانی ئێستای واشنتن بۆ تەلئەبیب تەنیا لە کەرتی سەربازیدا کورت دەبێتەوە.

​ئەم هەڵوێستەش لە کاتێکدا ڕاگەیەندرا کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل؛ بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شەڕەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل دژی ڕژێمی ئێران هەڵایساندوویانە، پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×