تۆڕی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاشکرایکرد، کە هەندێک لە یاریدەدەرەکانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پێیان وایە کە ناوبراو بە بەراورد بە چەند هەفتەی رابردوو، بە شێوەیەکی جدیتر بیر لە بژاردەی دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران دەکاتەوە.
ئاوێنە: تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە سەرچاوەکانییەوە گواستییەوە کە ترەمپ بەهۆی بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە "ئارامی نەماوە"، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی وزە هەبووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخەکانی.
ئەمەش دوای وەڵامی ئەم دواییەی ئێران دێت بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا لە میانی ئەو دانوستانانەی کە پاکستان نێوەندگیری تێدا دەکات بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ بە شێوەیەکی هەمیشەیی، وەڵامێک کە تووڕەیی ترەمپی لێکەوتەوە و بە "بەتەواوی قبوڵنەکراو" وەسفی کرد.
گومانکردن لە ئێران
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، وەڵامەکەی ئێران وای لە ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا کردووە گومان لە جدیەتی تاران بکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕاستەقینەی دانوستان لەگەڵ واشنتن.
وەڵامەکەی ئێران جەختی لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا کردەوە، بەتایبەتی لە لوبنان، هەروەها تاران لە وەڵامەکەیدا داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگی کرد و جەختی لە سەروەریی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا کردەوە.
هەروەها ئێران داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد کۆتایی بە گەمارۆ دەریاییەکانی سەر گەرووی هورمز و بەندەرەکانی ئێران بهێنێت، هەروەها گرەنتی نەدانی هێرشی دیکە و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئابوورییەکەی، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە قەدەغەکردنی فرۆشتنی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە.
پێشتریش ترەمپ پێی وابوو وەڵامەکەی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو ئاگربەستەی کە لە ٧ی نیسانی ڕابردووەوە دوای نزیکەی ٤٠ ڕۆژ جەنگی بەردەوام کەوتبووە بواری جێبەجێکردنەوە، و هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی تاران کرد، کە ئەمەش بابەتێکە ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدات.
لە بەرامبەریشدا، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند کە سوپای پاسداران ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرەوەی هەر "کردەوەیەکی دوژمنکارانە".
دابەشبوونی ئەمریکییەکان
"سی ئێن ئێن" ئاماژە بە هەبوونی دابەشبوونێک لە ناو ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لە قۆناغی داهاتوودا دەکات، لە نێوان تیمێک کە داوای چڕکردنەوەی فشارەکان بۆ سەر تاران دەکات، لەوانەش وەشاندنی گورزی دیاریکراو بۆ بەهێزکردنی پێگەی واشنتن لەسەر مێزی دانوستان، و تیمێکی دیکە کە پێداگرە لەسەر بژاردەی دیپلۆماسی بۆ پێدانی دەرفەتێکی دیکە بە ڕێڕەوی دانوستانەکان.
سەبارەت بە نێوەندگیریی پاکستان، سەرچاوەکانی "سی ئێن ئێن" ڕایانگەیاند کە ژمارەیەک لە کەسە نزیکەکانی ترەمپ پێیان باشە نێوەندگیرە پاکستانییەکان هەڵوێستێکی توندتر بنوێنن لە گەیاندنی پەیامەکانی واشنتندا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەندێک لە بەرپرسان گومانیان لە کاریگەریی ڕۆڵەکەیان هەیە.
دوێنێ دووشەممە، ترەمپ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی بژاردە بەردەستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، ئەمەش لە ناو کەشێکی بێئومێدیدا بەهۆی وەستانی بەرەوپێشچوونەکان بەرەو ڕێککەوتنێکی سیاسی.
دوورخستنەوەی بڕیاری یەکلاکەرەوە
بەڵام تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستییەوە کە پێناچێت بڕیارێکی ستراتیژیی گەورە بدرێت، یان هەنگاوەکانی داهاتوو بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دیاری بکرێن پێش ئەوەی سەرۆک پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بەرەو چین بەڕێبکەوێت.
بڕیارە سبەی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بگاتە پەکین لە سەردانێکی فەرمیدا کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت، ئەوەش لەسەر بانگهێشتی شی جین پینگ هاوتا چینییەکەی.
لەگەڵ زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ دانانی سنوورێک بۆ جەنگ و لێکەوتەکانی لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهانی، چاوەڕوان دەکرێت ئێران یەکێک بێت لە دیارترین ئەو دۆسییانەی کە ترەمپ و شی جین پینگ لە میانی گفتوگۆکانیاندا تاوتوێی دەکەن.
ترەمپ پشتی بەستووە بەوەی چین هەژموونی خۆی بەسەر تاراندا بەکاربهێنێت بۆ پاڵنانی بەرەو واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمییەکەی، ئەمەش لە سێبەری بەردەوامیی وەستانی دانوستانەکاندا.
دوێنێ دووشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای خستە سەر ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە دەڵێت یارمەتی ئێران دەدەن لە گواستنەوەی نەوت بۆ چین، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بڕینی سەرچاوەی دارایی پرۆگرامە سەربازی و ئەتۆمییەکانی تاران.