ڕۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ له ڕاپۆرتێكدا ڕایگه‌یاندك ئیماراتی یه‌كگرتوی عه‌ره‌بی به نهێنی هێرشی سه‌ربازی له ئێران ئه‌نجامداوه.
ئاوێنە: به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئه‌و بۆردومانانه كه ئیمارات به ئاشكرا دانی پێدا نه‌ناوه، هێرشكردنه سه‌ر پاڵاوگه‌یه‌كی نه‌وت بوه له دورگه‌ی "لاوانی"ی ئێران له سه‌ره‌تای مانگی (نیسان/4)دا كه هاوكات بو له‌گه‌ڵ ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆك تڕه‌مپ ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یاند، هێرشه‌كه ئاگرێكی گه‌وره‌ی لێكه‌وته‌وه و به‌شێكی زۆری توانای به‌رهه‌مهێنانی دامه‌زراوه‌كه تێكدا.
ئێران له‌و كاته‌دا ڕایگه‌یاندبو، پاڵاوگه‌كه له هێرشێكی دوژمنكارانه‌دا كه‌وتوه‌ته به‌ر لێدان و له به‌رامبه‌ردا هێرشێكی زۆری موشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی به‌ره‌و ئیمارات و كوه‌یت ئه‌نجامدا.
یه‌كێك له‌و سه‌رچاوانه‌ی كه قسه‌ی بۆ ڕۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ كردوه ڕایگه‌یاندوه، ئه‌مریكا به‌و هێرشه ناڕه‌حه‌ت نه‌بوه، به‌و پێیه‌ی هێشتا ئاگربه‌سته‌كه به ته‌واوی جێبه‌جێنه‌كراوه، هه‌روه‌ها به بێده‌نگی پێشوازی له به‌شداریكردنی ئیمارات و هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ی كه‌نداو كردوه كه ئاره‌زوی به‌شداریكردنی له شه‌ڕه‌كه‌دا كردوه.
به‌گوێره‌ی ڕۆژنامه‌كه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات ڕه‌تیكرده‌وه هیچ لێدوانێك له‌سه‌ر ئه‌و بۆردومانانه بدات، به‌ڵام ئاماژه‌ی به لێدوانه‌كانی پێشوی كرد كه تێیدا مافی خۆی دوپاتكرده‌وه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی – له‌نێویاندا له ڕێگه‌ی سه‌ربازییه‌وه – به‌رامبه‌ر به كرده‌وه دوژمنكارییه‌كان.