ئێران هەڕەشەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەکات
  2026-05-12       511       

لەگەڵ لاوازبوونی ئاگربەستەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران، گرژییەکان پێ دەنێنە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. تاران هەڕەشەی بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ڕێژەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەکات، لە بەرامبەریشدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشنیازەکانی ئێران ڕەتدەکاتەوە و بژاردەی سەربازی دەخاتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

ئاوێنە: ​پەرلەمانی ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی واشنتۆن کرد. ئیبراهیم ڕەزایی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هەر هێرشێکی نوێ ببێتەوە، ئەوا پەرلەمان بژاردەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی ٩٠٪ تاوتوێ دەکات، کە ئەمەش هەنگاوی کۆتاییە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.

​لەلایەکی دیکەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و گەورە دانوستانکار، هۆشداری دایە ئەمریکا کە دەبێت پێشنیازە ١٤ خاڵییەکەی تاران قبوڵ بکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەگەرنا ڕووبەڕووی "شکستێکی گەورە" دەبێتەوە. ئەو مەرجانەی تاران کە پشتی پێ دەبەستێت بریتین لە:

​کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان (بە لوبنانیشەوە).

​هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران.

​ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران و قەرەبووکردنەوەی شەڕ.

​لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ بە توندی وەڵامی مەرجەکانی تارانی دایەوە و پێشنیازی ئاشتیی ئێرانی بە "قبوڵنەکراو"، "پارچەیەک خاشاک" و "پێشنیازێکی گەمژانە" وەسف کرد. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگربەستەکەی ٨ی نیسان زۆر لاوازە و تەنها ١٪ هیوای مانەوەی هەیە، وەک نەخۆشێک کە لەسەر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد بێت.

​بەپێی سەرچاوەکانی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، ترەمپ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو. بەهۆی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە، بژاردەی سەربازی گەڕاوەتەوە سەر مێز، و پێدەچێت ئەمریکا پەنا بباتە بەر فشاری سەربازیی زیاتر بۆ ناچارکردنی تاران بە پاشەکشە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

​هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانە، نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە زیادبووندان. ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، ئێران زیاتر لە ٤٤٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە ڕێژەی ٦٠٪ هەیە، کە زۆربەی لە کۆمەڵگەی ئەتۆمیی ئەسفەهان هەڵگیراوە لەناو تونێلەکاندا. ئەم ڕێژەیەش تەنها هەنگاوێکی تەکنیکی بچووکی ماوە بۆ گەیشتن بە ئاستی ٩٠٪ کە لە دروستکردنی چەکدا بەکاردێت.

​ئاژانسەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ئەو ماددانە ببرێنە دەرەوەی ئێران یان تێکەڵ بکرێن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکەیان، بەڵام تا ئێستا تاران ڕەتیدەکاتەوە دەستبەرداری پاشەکەوتە ئەتۆمییەکەی ببێت و جەخت لە مافی خۆی بۆ بەکارهێنانی وزەی ئاشتییانە دەکاتەوە.

​لە کاتێکدا دانوستانەکان چەقیون، چاوەکان لەسەر سەردانەکەی داهاتووی ترەمپن بۆ چین، کە پێدەچێت لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، پرسی ململانێی ئێران تاوتوێ بکات. بەرپرسانی ئەمریکی پێشبینی ناکەن بڕیاری هێرشی سەربازی پێش ئەو سەردانە بدرێت، بەڵام ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە ئەگەر تارن نەرمی نەنوێنێت، ئەوا هەڵگیرسانەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی تەنها کاتی پێویستە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×