سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی لە٪١٠٠ی داوە کە ئێران پیتاندنی یۆرانتۆم رادەگرێت و رادەستی وڵاتەکەی دەکات.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەچاوپێکەوتنێکدا بە رادیۆی "سید ڕۆزنبێرگ"ی راگەیاند "لە ١٠٠٪ دڵنیاین ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم ڕادەگرێت و کۆگای یۆرانیۆمەکەی ڕادەستی ئەمریکا دەکات".
دووپاتیشیکردەوە "ئێرانییەکان بەڵێنیان داوە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرن؛ پێیان وتم کە تۆزەکەمان پێ دەدەن".
جێی ئاماژەیە، وشەی "تۆز" دەستەواژەیەکە کە ترامپ چەندینجار بۆ ئاماژەدان بە یۆرانیۆمی پیتێنراو دوای هێرشەکانی ئەمریکا لە ٢١ی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەکاتی جەنگی ١٢ ڕۆژەدا، بەکاریدەهێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی تری ئەم گفتوگۆدا باسی لەوەشکردووە، "پێویست ناکات پەلە لە هیچ شتێک بکەین. ئێمە گەمارۆیەکمان هەیە کە هیچ پارەیەکیان بۆ ناهێڵێتەوە. بابەتەکە زۆر سادەیە؛ ناتوانین ڕێگەیان پێبدەین چەکی ئەتۆمییان هەبێت، چونکە بەکاریدەهێنن".
ئەوەش لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی دووشەممە جەختیکردبووەوە کە فشارەکان بۆسەر ئێران تا کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتن بەردەوام دەبن. راشیگەیاندبوو، وەڵامی ئێرانی بۆ یاداشتنامە پێشنیارکراوەکەی وڵاتەکەی بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ بە "تەواو قبوڵنەکراو" ناوبرد.