مینڕاماڵینی دەریایی بەریتانیا فڕۆکە جەنگییەکانی تایفۆن و تێکشکێنەری (دراگۆن) لەچوارچێوەی ئەرکێکی فرەنەتەوەییدا بۆ پاراستنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز ڕەوانە دەکات.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی بەریتانیا، جان هیلی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆییدا بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٤٠ وەزیری بەرگری و بەرپرسی سەربازیی وڵاتانی بەشدار بڕیاریدا بە ناردنی فڕۆکە جەنگییەکانی تایفۆن و تێکشکێنەری "ئێچ ئێم ئێس دراگۆن".
لەوبارەیەوە جان هیلی، وەزیری بەرگری وتی "ئەم ئەرکە بەرگرییانە، سەربەخۆ و جێگەی متمانە دەبێت و لە کاتێکی گونجاو و بە ڕەخسانی مەرجەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاوکات حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە بۆ پشتیوانیکردن لەم ئەرکە، ١١٥ ملیۆن پاوەند بودجەی نوێی بۆ پەرەپێدانی درۆنە مینڕاماڵەکان و سیستمەکانی بەرەنگاربوونەوەی درۆن تەرخان کردووە.
هەر بەگوێرەی ئەو کۆبوونەوەیە، پاکێجە سەربازییەکەی بەریتانیا سیستمە خۆکارەکانی دۆزینەوە و پاککردنەوەی مینە دەریاییەکان، بەلەمی خێرای بێفڕۆکەوان، فڕۆکە جەنگییەکانی تایفۆن بۆ دەورییەی ئاسمانی و تێکشکێنەری بەرگریی ئاسمانی "ئێچ ئێم ئێس دراگۆن" لەخۆدەگرێت کەلە ئێستادا بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگادایە.