ترەمپ لە چینەوە پەیامێکی توند بۆ تاران دەنێرێت: پێویستمان بە هاوکاری پەکین نییە بۆ گەمارۆدانی ئێران
  2026-05-13       504       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتە پەکینی پایتەختی چین، کە بڕیارە لەوێ لەگەڵ شی جین پینگ، هاوتا چینییەکەی کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چەندین دۆسیەی جیاواز؛ ئەمەش وەک یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئەمریکا بۆ چین دادەنرێت لە دوای سەردانەکەی خودی ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی ٢٠١٧دا.

ئاوێنە: وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ترەمپ لەم سەردانەیدا جەخت لەسەر لایەنی بازرگانی و کار دەکاتەوە، لە کاتی وەستانی فڕۆکەی سەرۆکایەتی لە ئەلاسکا، جێنسن هوانگ، سەرۆکی کۆمپانیای (ئینڤیدیا) پەیوەندی پێوە کرد و لە گەشتەکەدا هاوڕێیەتی دەکات، هەروەها ئیلۆن مەسک، سەرۆکی هەردوو کۆمپانیای (تێسلا و سپەیس ئێکس)یش لەم گەشتەدا یاوەری دەکات.

هاوکات ژمارەیەک لە سەرۆکە جێبەجێکارەکانی کۆمپانیاکانی دیکەی ئەمریکا وەک تیم کوک، سەرۆکی کۆمپانیای (ئەپڵ) هاوڕێیەتی ترەمپ دەکەن. ترەمپ پێش گەیشتنی بەڵێنی دابوو کە داوا لە هاوتا چینییەکەی بکات وڵاتەکەی بە ڕووی کۆمپانیا بیانییەکاندا "بکاتەوە".

چین پێشوەختە و پێش گەیشتنی ترەمپ "بەخێرهاتنی" خۆی بۆ ئەم سەردانە ڕاگەیاند؛ لەو چوارچێوەیەدا گوو جیاکون، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کاتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە "چین ئامادەیە کار لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات.. لە پێناو فراوانکردنی هاوکارییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکییەکان".

ترەمپ لە کاتی بەجێهێشتنی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە "گفتوگۆی درێژخایەن" لەگەڵ شی جین پینگ ئەنجام دەدات سەبارەت بە ئێران، کە سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا، زۆربەی نەوتەکەی بە چین دەفرۆشێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە کە "هیچ پێویستییەک بە یارمەتی چین نییە سەبارەت بە ئێران"، ئاماژەی بەوەش کرد کە چین "هیچ کێشەیەکی" دروست نەکردووە بەرامبەر ئەو گەمارۆیەی واشنتۆن خستوویەتیە سەر بەندەرەکانی ئێران، وەک وەڵامێک بۆ داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە، کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە کۆتایی شوباتەوە، بە کردەیی ڕێڕەوێکی دەریایی زۆر گرنگ و زیندووە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×