عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا دوایین وه‌ڵامی ئێرانی له‌باره‌ی كۆتاییهێنان به جه‌نگ ره‌تكرده‌وه، چه‌ند په‌یامێكیان له‌و وڵاته‌وه پێگه‌یشتون كه واشنتۆن خوازیاری به‌رده‌وامیدانه به دانوستان. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه كه ئێران بۆ هه‌ردو سیناریۆی جه‌نگ و دانوستان ئاماده‌یه‌و ده‌شڵێت، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێمه، پرسێكی ئاڵۆزه‌و داوامان كردوه دانوستان له‌وباره‌یه‌وه دوابخرێت.
ئاوێنه: عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له په‌راوێزی كۆنفرانسی بریكس له نیوده‌لی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی، ئێمه بۆ سیناریۆی جه‌نگ و گه‌ڕانه‌وه بۆ پێكدادان و هه‌روه‌ها بۆ سیناریۆی دانوستان و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر مێزی گفتگۆ ئاماده‌ین.
وتیشی، هه‌ردو سیناریۆكه بۆ ئێمه هیچ جیاوازییه‌كیان نییه، ئه‌وه په‌یوه‌سته به لایه‌نی به‌رامبه‌ره‌وه كه كامیان هه‌ڵده‌بژێرێت.
عراقچی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌مریكییه‌كان لێدوانی دژبه‌یه‌ك ده‌ده‌ن و ئه‌وه‌شی به "سه‌رلێشواوی" ئه‌وان له په‌یوه‌ست به جه‌نگی ئێرانه‌وه ناوبرد.
هه‌روه‌ها له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وتی، دوای ئه‌وه‌ی تره‌مپ وه‌ڵامی ئێمه‌ی بۆ پێشنیاره‌كه‌یان بۆ كۆتاییهێنان به جه‌نگ ره‌تكرده‌وه، ئه‌مریكییه‌كان له چه‌ند رۆژی رابردودا سه‌رله‌نوێ چه‌ند په‌یامێكیان بۆ ئێمه ناردوه كه خوازیاری به‌رده‌وامیدانن به گفتوگۆ و دانوستانه‌كان.
وه‌زیره ئێرانییه‌كه راشیگه‌یاند، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمی وڵاته‌كه‌ی پرسێكی ئاڵۆزه‌و بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجام له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مریكی پێشنیارمان ئه‌و پرسه دوابخرێت. جه‌ختیشی كرده‌وه كه له ئێستادا ئه‌م پرسه جێی دانوستان نییه.
هه‌روه‌ها وتیشی، له‌باره‌ی جیددیبونی ئه‌مریكییه‌كان گومانمان هه‌یه و ئاماده‌ین بۆ ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنێكی دادپه‌روه‌رانه.
هه‌روه‌ك له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌وان هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه‌دا نییه‌و ئه‌وان هیچ كات ئامانجی ئێران نه‌بون به‌ڵكو پێگه‌كانی ئه‌مریكا له‌و وڵاتانه كراونه‌ته ئامانج.
وتیشی، ئیمارات ده‌بێت ئاگاداری ئه‌وه بێت كه بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر رێگه‌ی عه‌قڵ، ئه‌و كات ده‌توانێت ئێران وه‌كو دۆستێك سه‌یربكات.
به‌بڕوای عێراقچی له كۆتاییدا هه‌ر دیپلۆماسییه‌ت سه‌رده‌كه‌وێت، هه‌رچه‌نده به‌قسه‌ی ئه‌و هه‌ندێك كه‌س و لایه‌نی خراپه‌كار هه‌ن كه ده‌یانه‌وێت دیپلۆماسیه‌ت به‌لاڕێدابه‌رن.
وتیشی، هیوادارم ئه‌مریكا ئه‌و هه‌ڵه‌یه نه‌كات به‌قسه‌ی ئه‌و كه‌سانه نه‌كات كه ده‌یانه‌وێت ئه‌مریكا جارێكی دیكه ده‌ستبكاته‌وه به شه‌ڕ.
هه‌روه‌ها ویتشی، ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك متمانه‌مان به ئه‌مریكییه‌كان نییه بۆیه به‌رله هه‌ر رێككه‌وتنێك ده‌بێت هه‌مو شتێك دیار و رون بێت.