نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەبوزەبی، ڕۆژی هەینی (١٥ی ئایار) ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو پەلە دەکات لە دروستکردنی بۆرییەکی نوێی نەوت بە مەبەستی دوو هێندەکردنی توانای هەناردەکردنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی "ئەدنۆک" لە ڕێگەی میرنشینی فوجەیرەوە تا ساڵی ٢٠٢٧.
ئاوێنە: دروستکردنی ئەم پڕۆژەیەی بۆریی گواستنەوەی نەوتە، توانای ئەبوزەبی بۆ خۆلادان لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر دەکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە شێخ خالید بن محەمەد بن زاید ئالنەهیان، جێنشینی ئەبوزەبی، لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەی جێبەجێکاری دەستەی کارگێڕیی "ئەدنۆک"دا، فەرمانی خێراکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆریی "ڕۆژئاوا-ڕۆژهەڵات ١"ی دەرکردووە. ئەم بۆرییە لە قۆناغی دروستکردندایە و چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٧دا بکەوێتە بواری کارکردن و بەرهەمهێنانەوە.
بۆریی نەوتی خاوی ئەبوزەبیی سەر بە ئەدنۆک کە بە بۆریی "حەبشان-فوجەیرە"ش ناسراوە، توانای گواستنەوەی تا ١.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەیە. ئەم بۆرییە بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵەکانی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو بۆ زیادکردنی هەناردەی ڕاستەوخۆ لە کەناراوەکانی کەنداوی عومانەوە، گرنگییەکی زۆری پەیدا کردووە.
جێی باسە کە ڕاگەیاندنی پڕۆژەی دروستکردنی بۆرییە نوێیەکە، نزیکەی دوو هەفتە دوای ئەوە دێت کە ئیمارات لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) کشایەوە.
ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" ساڵی ڕابردوو لە زاری وەزیری وزەی ئیماراتەوە بڵاوی کردەوە کە ئەم وڵاتە لە کاتی پێویستدا توانای ئەوەی هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بۆ ٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە. هەروەها کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی "ئەدنۆک" ئامانجی ئەوەیە کە تا ساڵی داهاتوو توانای بەرهەمهێنانی خۆی بگەیەنێتە ٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا؛ ئامانجێک کە کاتەکەی ٣ ساڵ پێشخراوە.
ئەم کۆمپانیایە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤دا ڕایگەیاندبوو کە توانای بەرهەمهێنانی گەیشتووەتە ٤.٨٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی نوێی لەو بارەیەوە نەخستووەتەڕوو.
بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیای "ئەدنۆکی هەڵکەندن" کە یەکێکە لە ٦ کۆمپانیا لاوەکییەکانی ئەم گرووپە و لە بۆرسەشدا خراوەتە ڕوو، ئەم هەفتەیە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە کۆمپانیاکە بۆ هەر جۆرە فراوانکردنێکی توانای بەرهەمهێنان کە ئەدنۆک پێویستی پێی بێت، ئامادەیە.
ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" لە مانگی ئاداردا بڵاوی کردەوە کە بەرهەمهێنانی ئیمارات لە مانگی کانوونی دووەم و پێش پەرەسەندنی ململانێکان کەمێک کەمتر بووە لە ٣.٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام دوای پشێوییەکانی گەرووی هورمز بۆ زیاتر لە نیوە کەم بووەتەوە، و هەر ئەم بابەتەش وای کردووە ئەدنۆک بەشێک لە بەرهەمهێنانەکەی ڕابگرێت.
جێی ئاماژەیە کە کەناراوەکانی میرنشینی فوجەیرە لە زۆر ڕووەوە، لەوانەش بۆ هاوردەکردنی خۆراک کە ئەو وڵاتە بە توندی پشتی پێ دەبەستێت، بووەتە شادەمارێکی ژیانی بۆ ئیمارات. لە هەمان کاتدا، بەندەری فوجەیرە چەندین جار کراوەتە ئامانجی هێرشکردن و ئیماراتیش ئێرانی بە بەرپرسیار زانیوە لەو هێرشانە؛ ئەو هێرشانەی کە لە کۆتاییدا بوونە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتە لە مانگی نیساندا بە شێوەیەکی کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوت ڕابگرێت.