وەزیری ناوخۆی پاکستان گەیشتە تاران
  2026-05-16       153       

میدیای ئێران بڵاویكردەوە، موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتە تاران و چاوی بە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئێران دەکەوێت.ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی پاکستان بۆ ئاسانکاری لە گفتوگۆکان و برەودان بە ئاشتی لە ناوچەکەدا.

ئاوێنە: ئاژانسی "ئیرنا"ی ئێرانی ئەمڕۆ شەممە لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە ئیسلام ئاباد بڵاویکردەوە، بڕیارە  موحسین نەقەوی لەم سەردانەدا کە پێشوەختە ڕانەگەیەندراوە، چاوی بە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئێران بکەوێت، لەوانەش وەزیری ناوخۆی ئێران.

بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیم، موحسین نەقەوی دو ڕۆژە ئێران دەمێنێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی پاکستان بۆ ئاسانکاری لە گفتوگۆکان و برەودان بە ئاشتی لە ناوچەکەدا.

وەزیری ناوخۆی پاکستان لە مانگی (نیسان/4)ـی ڕابردودا یاوەری فەرماندەی سوپای پاکستانی کردبو لە سەردانەکەیدا بۆ تاران کە 3 ڕۆژی خایاند.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران دەکەن، چونکە هەوڵە دیپلۆماسییەکان گەیشتونەتە بنبەست. ترەمپ پێشنیارە نوێیەکانی ئێرانی ڕەتکردوەتەوە و هەڕەشەی لەناوبردنی تاران دەکات ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، ئەمەش ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لە هەفتەی داهاتودا زیاتر کردوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×