وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ تاران لە دانوستاندنان بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان لە گەرووی هورمز؛ ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەی کە کەنداوی عەرەبی بە ئاوە کراوەکانەوە دەبەستێتەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە جووڵەی دەریاوانی لەو گەرووەدا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە پەکیکەوتووە.
ئاوێنە: تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاند، چەند وڵاتێکی ئەوروپی دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ تاران کردووە بە مەبەستی مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان، ئەمەش دوای ئەوەی کەشتییەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەک چین، ژاپۆن و پاکستان پێشتر لە گەرووەکە تێپەڕیون.
ئاماژە بەوەش کراوە، ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپی — بەبێ ئاشکراکردنی ناوەکانیان — دانوستانیان لەگەڵ هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دەستپێکردووە بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی تێپەڕبوون، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو ڕێوشوێنە توندانەی کە ئێران بەسەر ئەو کەشتیانەدا سەپاندوویەتی کە دەیانەوێت لەو دەروازەیەوە عبور بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئێران، ئەم هەنگاوانە نیشانەی قبوڵکردنی "پڕۆتۆکۆڵ" و ڕێوشوێنە نوێیەکانی ئێرانە لەلایەن وڵاتانی زیاترەوە بۆ ڕێکخستنی جووڵەی دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا، ئەمەش لە پاش ئەو شەڕەی ئەمریکا و ئیسرائیل دێت کە لە ئێستادا بە هۆکارێکی ئاگربەستی کاتیی نادیار وەستاوە.
گوشاری نێودەوڵەتی و سیاسەتی ئەمری واقیع
تاران ڕووبەڕووی گوشاری نێودەوڵەتی توند دەبێتەوە بۆ هەڵگرتنی سنووردارکردنی دەریاوانی لە گەرووەکەدا، بە تایبەت لە کاتێکدا کە بازاڕەکانی نەوتی جیهانی تووشی شڵەژان بوون و بەشێک لە دابینکردنی وزەی جیهان پەکیکەوتووە. سەرەڕای ئەوەی پێگە سەربازیی و دامەزراوەکانی ئێران لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی شەڕدا بەر شاڵاوێکی وێرانکەر کەوتوون، بەڵام تاران بەردەوامە لە سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیع لە ڕێگەی توندکردنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووەکەدا.
ئەم پەرەسەندنانە ئاماژەن بۆ ئەگەری داڕشتنی سیاسەتێکی ئێرانی بەرەو کردنەوەی ڕێژەیی گەرووی هورمز لە ڕێگەی ڕێگەپێدان بە تێپەڕبوونی هەندێک کەشتی بیانی بەپێی ڕێوشوێنی ڕێکخراو لەلایەن هێزی دەریایی پاسدارانەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران (مەجلیسی شوورا) ڕایگەیاند کە تاران: "میکانیزمێکی پرۆفیشناڵی بۆ بەڕێوەبردنی جووڵەی دەریاوانی لە گەرووی هورمز داناوە و بەم زووانە ئامادە دەبێت."
عەزیزی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران ڕسووماتی پێویست بۆ مسۆگەرکردنی جووڵەی کەشتییەکان لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پسپۆڕییەکان وەردەگرێت، هاوکات جەختیشی کردەوە کە تەنها کەشتییە بازرگانییەکان و ئەو لایەنانەی کە هاوکاری ئێران دەکەن لەم خزمەتگوزارییانە سوودمەند دەبن.
لەلایەکی دیکەوە، ناوبراو جەختی کردەوە کە گەرووەکە بە ڕووی ئەو کەشتیانەدا بە داخراوی دەمێنێتەوە کە بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنی "پرۆژەی ئازادی" کە ئەمریکا ڕایگەیاندبوو و دواتر بە خێرایی لێی پاشەکشەی کرد، کە ئامانجی هاوکاریکردنی کەشتییە بازرگانییە گیراوەکان بوو بۆ جێهێشتنی کەنداو.
پێشتر و لە ٢٥ی نیسانی ڕابردوودا، سوپای پاسدارانی ئێران دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بە ناوی "ئیپامینۆنداس" (Epaminondas) ڕاگەیاند کە گومانی لێدەکرا پێوەندی بە سوپای ئەمریکاوە هەبێت، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بۆ ڕێگریکردن لە کەشتییەک کە بەرەو یەکێک لە بەندەرەکانی ئێران بەڕێکەوتبوو.
سیاسەتی باڵادەستی و "ملشکاندن"
تاران پێداگری دەکات لەسەر کۆنترۆڵکردنی جووڵەی هاتوچۆ لە گەرووەکەدا تەنانەت لە قۆناغی دوای شەڕیشدا، بۆ سوودوەرگرتن لەو ڕسووماتەی لە کەشتییەکان وەردەگیرێت، لە کاتێکدا ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی جیهان جەخت لەسەر گرنگی مسۆگەرکردنی ئازادی دەریاوانی بەبێ هیچ سنووردارکردنێک دەکەنەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی برێکس لە نیودەلهی ڕایگەیاند:
"گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتیوانی هەموو وڵاتانی دۆستدا کراوەیە و تەنها بە ڕووی دوژمنانماندا داخراوە."
عێراقچی ئاماژەی بە ئەگەری هەڵگرتنی سنووردارکردنەکان کرد بە مەرجی کۆتاییهێنانی یەکجاریی بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
لە لایەکی ترەوە، بەهۆی بنبەست لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، ئەمریکا لە ١٣ی نیسانی ڕابردووەوە گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، لە نێوانیاندا ئەو بەندەرانەی کە دەکەونە سەر گەرووی هورمز، لە بەرامبەردا ئێران بە بەردەوامبوون لە ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی کەشتییەکان وەڵامی دایەوە مەگەر بە هەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ تاران بێت.
لە ئێستاشدا مەترسییە جیهانییەکان لە ئەگەری شکستپێهێنانی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری پاکستان ڕوو لە زیادبوونە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی هەرەسهێنانی ئەو ئاگربەستەی لە ٧ی نیسانی ڕابردووەوە جێبەجێ کراوە و گەڕانەوە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆ، ئەمەش کاریگەری ملهوڕانەی گەورەی لەسەر جووڵەی دەریاوانی لە گەرووەکە و بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا دەبێت.