رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باری نائاسایی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ رادەگەیەنێت و هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری دەدات.
ئاوێنە: رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلای لە پارێزگای ئیتووری لە رۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ وەک باری نائاسایی تەندروستیی گشتیی لەسەر ئاستی جیهان ناساند.
بەگوێرەی رێکخراوەکە، تائێستا نزیکەی 246 حاڵەتی گوماناوی و 80 گیانلەدەستدان تۆمارکراون، بەڵام ڤایرۆسەکە نەگەیشتووەتە ئاستی "پەتا جیهانییەکان".
لەوبارەیەوە د. تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەهۆشدارییەکدا دەڵێت "گومان و نادڵنیایی زۆر هەیە لەبارەی ژمارەی راستی تووشبووان و شوێنەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە".
هەر بەگوێرەی رێکخراوەکە، ئەم جۆرەی ئێستای ئیبۆلا بەهۆی ڤایرۆسی "بوندیبوگیۆ"وەیە، کە تا ئێستا هیچ دەرمان یان ڤاکسینێکی پەسندکراوی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، 8 حاڵەتی تووشبوون لە تاقیگەکاندا پشتڕاستکراونەتەوە، جگە لە چەندین حاڵەتی دیکەی گوماناوی و گیانلەدەستدان لە شاری بونیای پایتەختی پارێزگای ئیتووری و شارۆچکەکانی مۆنگوالو و روامپارا کە بە ناوچەی دەرهێنانی زێڕ ناسراون.
رێخراوی (WHO) ئاشکراشیکرد "ڤایرۆسەکە سنووری کۆنگۆی بەزاندووە و گەیشتووەتە وڵاتی ئۆگەندا، لەوێش 2 حاڵەتی تووشبوون پشتڕاستکراونەتەوە و یەکێکیان کە پیاوێکی تەمەن 59 ساڵ بووە، رۆژی پێنجشەممە گیانی لەدەستداوە".
رێکخراوەکە داوا لە کۆنگۆ و ئۆگەندا دەکات ناوەندی باری نائاسایی بۆ چاودێریکردن و رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دابمەزرێنن، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە نابێت وڵاتانی دیکە سنوورەکانیان دابخەن یان گەشت و بازرگانی قەدەغە بکەن، چونکە ئەو رێکارانە لە ترسەوە سەرچاوە دەگرن و بنەمای زانستییان نییە.