ئەمانە حەوت داواکارییەکەی "موجتەبا"ن لەسەرۆکی ئەمریکا
  2026-05-17       542       
ترەمپ - موجتەبا خامنەیی

سەرۆکی لێژنەی ناوخۆی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، محەممەد سەڵاح جۆخار ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی یەک ملیمەتر لەو حەوت داواکارییەی کە موجتەبا خامنەیی ڕێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامی دایناوە پاشەکشە ناکات.

 

ئاوێنە: لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  دوای وەڵامدانەوەی ئێران بۆ دوایین پێشنیاری ئەمریکا، هەنگاوەکانی داهاتووی خۆی لە دژی ئێران تاوتوێ دەکات، سەرۆکی لێژنەی ناوخۆی پەرلەمانی ئێران، محەمەد ساڵح جۆخار بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەو مەرجانەی کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دایناون، "هێڵی سوور" لەهەر دانوستانێکی داهاتوودا پێکدەهێنن.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی، جۆخار جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەتاران "متمانەیان بە واشنتۆن و سەرۆکی ئەمریکا نییە". جۆخار ئاماژە بەوە دەکات کە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ هێنانەدی گۆڕانی حکومەت و دابەشکردنی ئێران و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی لەڕێگەی فشاری سەربازی و سزاکانەوە شکستی هێناوە.

ئەو حەوت مەرجەی کە باسی لێوە دەکرێت، بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە باڵایە، بریتین لە:

*تێپەڕبوونی ڕێکخراو بەناو گەرووی هورمزدا، کە تەنیا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەنجام دەدرێت.

،*کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکان و دژی هەموو ئەندامانی "میحوەری بەرخۆدان".

*کشانەوەی تەواوەتی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە هەموو بنکەکانیان لە ناوچەکەدا.

*پێدانی قەرەبووی تەواو بەئێران.

*هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هەموو ئەو سزایانەی بەسەر تاراندا سەپێنراون.

*ئازادکردنی پارە و سەروەت و سامانی ئێرانی کە لە دەرەوەی وڵات بلۆک کراون.

*داننان بە مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فارس، ئەمریکا بەشێکی مەرجەکانی ئێرانی قبوڵ کردووە. واشنتۆن بەڵگەنامەیەکی بۆ تاران نارد کە تێیدا پێنج مەرجی تایبەت بەخۆی دادەنێت، کە تیایدا ڕەزامەندی دەربڕیوە کە ئێران تەنها یەک کۆمەڵە دامەزراوەی ئەتۆمی بەڕێوەببات و ڕەتیدەکاتەوە قەرەبووی شەڕەکە بداتەوە، لەوانەش نەدانی تا ٢٥٪ی سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران. هەروەها ئەمریکا داوا دەکات ئێران 400 کیلۆ یۆرانیۆم بگەیەنێتە ئەمریکا. هەروەها داوای کردووە تا ئەو کاتەی ئاگربەست لەهەموو گۆڕەپانەکاندا کاریگەر بێت، دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ ئەنجام بدرێت.

ئەم لێدوانانە لە پاشخانی هۆشدارییەکانی ترەمپ بۆ تاران دێت کە ئەگەر بەم زووانە ڕێککەوتن نەکرێت، "شتی خراپ" ڕوودەدات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×