"نەخشەی هێرش"ی ترەمپ و پێشنیاری نوێی ئێران
  2026-05-18       589       
ئەو نەخشەیەی ترەمپ بڵاویکردوەتەوە

ترەمپ جارێکی دیکە هەڕەشەی کردو سبەینێ جارێکی دیکە لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی کۆدەبێتەوە، پاکستانیش ڕایگەیاندووە کە ئێران "پێشنیارێکی پێداچوونەوەی" پێشکەش کردووە، تارانیش دەڵێت "مافی ئێمە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم جێگای دانوستان نییە".

 

ئاوێنە: ترەمپ جارێکی دیکە هەڕەشەی کرد بەبڵاوکردنەوەی نەخشەی ئێران کە لەهەموو لایەکەوە هێرشی دەکریتە سەر، ئەمە لەکاتێکدایە کەوا بڕیارە سبەینێ  جارێکی دیکە لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆببێتەوە. 

شەوی ڕابردوو ترەمپ، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال بڵاوکردەوە، کە بە ڕەنگی ئاڵای ئەمریکا نەخشێنرابوو،و هێڵەکانی هەموو وڵاتانی دراوسێی ئێرانی نیشاندا کە ئامانجیان ناوجەرگەی کۆماری ئیسلامییە، وەک جۆرێک لە پلان بۆ هێرشکردنە سەری لە هەموو ئاراستەکانەوە. وادیارە نەخشەکە بە بەکارهێنانی AI ئامادەکراوەو کۆمەڵێک ناوی شوێنی داهێنراو لەخۆدەگرێت. بۆ نموونە لەو شوێنەی لەقەتەر هەڵکەوتووە، دەنووسرێت TATAI، کوێت پێی دەوترێت BIMM - و لەو شوێنەی قاهیرە هەڵکەوتووە، نووسراوە Cappt. تاجیکستان لەسەر نەخشەکە بە ناوی "تەباکستان" گۆڕدراوە.

ترەمپ هیچ نوسراوێکی لەگەڵ نەخشەکە بلاونەکردەوە، بەڵام ساتێک پێش ئەوە وێنەیەکی AI ی بڵاوکردەوە کە تێیدا لەکەشتییەکی ئاسمانیدا دانیشتووەو دوگمەی سووری داگرتووە، وێنەی تەقینەوە زەبەلاحەکانیش لەسەر شاشەکانی دەوروبەری نمایشکراون- و شەوی ڕابردووش پۆستێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا بە ڕوونی هەڕەشەی لە ئێران کردووە و دەڵێت: "بۆ ئێران، خەریکە کات تێدەپەڕێت و باشترە پەلە بکەن، M-H-R، هیچیان لێ نامێنێتەوە".

هاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەرپرسێکی پاکستانی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئیسلام ئاباد "پێشنیارێکی پێداچوونەوە"ی گەیاندووەتە ئەمریکا کە لەلایەن ئێرانەوە پێشکەشکراوە بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕەکە. ئەو بەرپرسە وتی "کاتی زۆرمان نییە".

ڕوون نییە پێشنیازە نوێیەکەی ئێران چی لەخۆدەگرێت، بەڵام ماوەیەکی کەم پێش قسەکانی ئەو بەرپرسە پاکستانییە، وەزارەتی دەرەوە لە تاران جارێکی دیکە ڕایگەیاند کە تاران بەنیازی سازشکردن نییە لەسەر "مافی" پیتاندنی یۆرانیۆم - کە پرسی سەرەکی مشتومڕەکانی دانوستانەکانە.

ڕۆژی هەیینی ترەمپ وێنەیەکی تری خۆی لە جۆری AI بڵاوکردەوە کە بەلەمێکی ئێرانی لە باکگراوندەکەیدا بوو و لە ژێرەوە نووسیبووی: "ئەمە ئارامیی پێش زریانەکە بوو".

ترامپ لەژێر فشارێکی زۆری ناوخۆییدایە لە ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، ئەمەش دوای بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ترسی کۆمارییەکان لەوەی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان زیان بە چانسی پاراستنی کۆنترۆڵی کۆنگرێس بگەیەنێت لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی مانگی نۆڤەمبەردا. ترامپ هەروەها هیوادارە شەڕەکە کۆتایی پێبێت پێش دەستپێکردنی مۆندیال لە ١١ی حوزەیران کە ئەمریکا لەگەڵ مەکسیک و کەنەدا میوانداری دەکات، بەڵام بە ئاشکرا لانیکەم بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو هیچ ئیمتیازێک نادات بەئێران.

ڕاگەیاندنی پاکستان سەبارەت بە پێشنیارە نوێیەکەی ئێران دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو کەناڵی فۆکس نیوز بە پشتبەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەکان کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاردەکەن، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە " تاران ئێستا بە ئەنقەست ستراتیژێکی 'فریودان و دواکەوتن' پەیڕەو دەکات بەو هیوایەی کڕینی کات دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی هەر گەڕانەوەیەکی ئەمریکا بۆ شەڕ".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×